ئینگلتەراگرنگترین

پریڤیوی یاری ئیپسویچ تاون V لیڤەرپوول; دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ دوو سەردەمی جیاواز لە یاریگای پۆرتمان لە ئیپسویچ دەستپێدەکەن، کاتێک ئیپسویچ تاون میوانداری لیڤەرپوول دەکات. یانەیەکیان ئەم وەرزە بەشداری پرێمەرلیگ دەکات و لیڤەرپوولیش سەردەمی دوای یۆرگن کڵۆپ دەستپێدەکات.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 14:30 بە کاتی هەولێر، لیڤەرپوول بە سەرکردایەتی ئارنە سڵۆت، کاروانی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات، پێشتر وەک هاندەر سەیری یارییەکانی دەکرد، ئەمجارە خۆی سەرکردایەتی یەکێک لە دێرینترین یانەکانی ئینگلتەرا دەکات.

هەرچەندە لیڤەرپوول هیچ یاریزانێکی لە مێرکاتۆی هاوینە نەگواستووەتەوە و ئێستاش هیچ دەنگۆیەک بۆ گواستنەوەییان نییە، بەڵام تیمەکەی سڵۆت لە ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ، لە یانەکانی ریال بێتیس، ئارسیناڵ، مانچێستەر یونایتد و سێڤییای بردەوە.

پڕۆفایڵی یاریی ئیپسویچ تاون – لیڤەرپوول / لە ئەپڵیکەیشنی یاریگا وەرگیراوە

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاتلێتیک، ئامانجی سەرەکی لیڤەرپوول نوێکردنەوەی گرێبەستی محەمەد سەڵاح، ڤیرجیل ڤان دایک و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدە، نەک گواستنەوەی یاریزانی نوێ.

لەلایەکی دیکەوە، ئیپسویچ تاون بە ئارەزوو و خەونی گەورەوە گەیشتووەتە پرێمەرلیگ، لە وەرزی رابردوودا پلەی دووەمی چامپیۆنشیپی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای ئەوەی لە وەرزی پێشووتر، ببووە پاڵەوانی خولی پلەیەک، واتە دووەم وەرزە لەسەریەک، بۆ خولی بەرزتر سەردەکەوێت.

تراکتۆر بۆیز (ئیپسویچ تاون) دوای 22 ساڵ، جارێکی دیکە گەڕانەوە پرێمەرلیگ، بەڵام ئەمجارە نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک جێیبهێڵن.

کیران مەککێنا، سەرەڕای گەیشتنی چەندین ئۆفەری جیاواز لە یانەکانی پرێمەرلیگەوە، بەڵام مانەوەی لە ئیپسویچ راگەیاند و ئۆفەری یانەکانی چێڵسی و مانچێستەر یونایتدی رەتکردەوە، تەنانەت گرێبەستەکەشی نوێکردەوە.

یارییەکانی ئامادەکاری ئیپسویچ تاون ئەرێنی بوون، تیمەکەی مەککێنا لە شاختار دۆنێتسک، هۆفێنهایم و نیسی بردەوە و یەک یاری بەرامبەر فۆرتونا دوسێلدۆرف دۆڕاند.

مەککێنا لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی 2021 ئەرکی مەشقی ئیپسویچی گرتەئەستۆ، لەوساتەوە 222 گۆڵ کراون، ئەمەش بەرزترین ژمارەی گۆڵە لەسەر ئاستی چوار خولی ئینگلتەرا و تەنیا مانچێستەر سیتی لەو ماوەیەدا (239 گۆڵ) گۆڵی زیاتری کردووە.

هەواڵی دوو یانەکە

لیڤەرپوول تەنیا لە تواناکانی بۆبی کڵارک بەهۆی پێکان بێبەش دەبێت، هەرچەندە یاریزانەکە نزیکە لە پەیوەندیکردن بە رێدبوڵ سالزبورگ.

سڵۆت تەواوی جەنگاوەرەکانی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە. ئاندرو رۆبێرتسن لە دوای پێکانەکەی یۆرۆی 2024 ئامادەیە و بەشداری دوا یاری لیڤەرپوولی لە بەرامبەر لاس پاڵماس کرد.

سەڵاح، ڤان دایک و ئارنۆڵد سەرەڕای ئاڵۆزی دۆخ و کێشەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان، بۆ یارییەکە ئامادەن. لەلایەکی دیکەوە، سڵۆت دەیەوێت بەشداری بە جاڕێڵ کوانسا لە جیاتی ئیبراهیما کۆناتێ بکات.

لەلایەکی دیکەوە، تیمی پزیشکی ئیپسویچ کار لەسەر چارەسەرکردنی پێکانی هەریەکە لە هاری کڵارک، جۆرج هیرست، ناتان بڕۆدهێد، جانۆی دۆناسیێن و کامێرن هەمفرێیس دەکات.

پێکهاتەی پێشبینیکراو

ئیپسویچ تاون: موریچ؛ توانزێبێ، ئێدموندسن، گریڤس؛ جۆنسن، لوۆنگۆ، مۆرسی، دەیڤز؛ هەتشنسن، دێلاپ، هارنێس.

لیڤەرپوول: ئالیسن؛ ئارنۆڵد، کوانسا، ڤان دایک، رۆبێرتسن؛ سۆبۆسلای، خراڤنبێرخ، ماک ئالیستەر؛ سەڵاح، جۆتا، دیاز.

بابەتی زیاتر

Back to top button