یاریگا –
بەهۆی نەدانی شایستەی دارایی یاریزانەکانی پێشووی، فیفا بڕیاریدا بە کاتی یانەی هەولێر لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی سڕ بکات.
یانەی هەولێر و چوار یانەی دیکەی عێراقی بەهۆی نەدانی شایستە داراییەکانی یاریزانەکانیان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانییەوە لە گواستنەوەی یاریزانان و تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانیان سڕکراون، یانەکەی کوردستان بە کاتی مافی تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی نییە.
یانەی هەولێر ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی پێشتر گرێبەستی لەگەڵ سامی هومامی یاریزانی توونسی واژۆکردووە و دواتر بەبێ رەزامەندیی یاریزانەکە گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، مافی تۆمارکردنی یاریزانە نوێیەکانی ئەم هاوینەی نابێت، تاوەکو شایستە داراییەکانی ئەو بەرگریکارە توونسییە نەدات کە 40 هەزار دۆلارە.
فیفا بڕیاریداوە هەریەکە لە یانەکانی هەولێر، شوڕتە، قاسم، کەربەلا و حدوود لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانی نوێ سڕ بکات، تاوەکو شایستە داراییە کەلەکەبووەکانی یاریزانەکانی پێشوویان نەدەن، سزایەکەیان لەسەر هەڵناگیرێت.
جگە لە یانەی کەربەلا چوار یانەکەی دیکە بە کاتی راگیراون، بەڵام یانەی کەربەلا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینە و زستانەی یاریزانان لە دوو ماوەدا مافی تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی نابێت و بە درێژایی وەرزی نوێ سڕ دەکرێت.