گرنگترینیۆرۆی 2024

پریڤیوی یاریی پۆرتوگاڵ V فڕەنسا؛ دوا هەواڵ و پێکهاتەی پێشبینیکراو

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو لە دووەمین یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆی 2024 پۆرتوگاڵ و فڕەنسا لە یاریگای ڤۆلکسپارک شتادیۆن لە هامبورگ بەیەک دەگەن، مایکل ئۆلیڤەر ناوبژیوانی ئینگلیزی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە راسپێردراوە.

کیلیان ئێمباپێ VS کریستیانۆ رۆناڵدۆ؛ رووبەڕووبوونەوەی نموونەی باڵاکەی

کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فڕەنسی لە یۆرۆی 2024 رووبەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتەوە، کە چەند جارێک کیلیان رایگەیاندووە دۆن نموونەی باڵای ئەوە.

ئێمباپێ کە بەهۆی شکانی لووتی بە دەمامکەوە بەشداریی یارییەکانی یۆرۆی 2024 دەکات، تاوەکو ئێستا ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکەش نەکردووە و تەنیا یەک گۆڵی لە پاڵەوانێتییەکە کردووە، کە ئەویش بە پێناڵتی لە یاریی بەرامبەر پؤلەندا بووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆش حاڵی لە کیلیان باشتر نییە، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڵێکی لە پاڵەوانێتییەکە نەکردووە و تەنیا ئەسیستێکی کردووە و لێدانێکی سزاشی لە یاریی بەرامبەر سلۆڤینیا لەدەست دا.

کریستیانۆ و کیلیان لە مێژوودا چوار جار رووبەڕوو بوونەوتەوە، هەرگیز ئێمباپێ نەیتوانیوە لە رۆناڵدۆ بباتەوە و لە دوو یاریی یەکسان بووینە و کریستیانۆش دوو یارییەکەی دیکەی بردووەتەوە، دۆن بەرامبەر ئێمباپێ 5 گۆڵ و ئەسیستێکی کردووە و کیلیانیش بەرامبەر کریس ئەسیستێکی کردووە.

راستییەکانی یارییەکە

  • پازدەمین جارە لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەیەک دەگەن، پۆرتوگاڵ دوایین دوو یاریی لە فڕەنسا بردووەتەوە،لە یۆرۆی 2020 لە قۆناخی کۆمەڵەکان 2-2 یەکسانبوون و لە یۆرۆی 2016 پۆرتوگاڵ لە یاریی کۆتایی 1-0 بردیەوە.
  • فڕەنسا لە دوایین 14 یاری بەرامبەر پۆرتوگاڵ تەنیا یارییەکی دۆڕاندووە، 11 بردنەوە و 2 یەکسانبوونی بەدەستهێناوە، تاکە دۆڕانەکەشی لە یاریگای ستاد دێ فڕانس بوو لە یۆرۆی 2016.
  • پۆرتوگاڵ حەفتەمین جارە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆ یاریی دەکات، پێشتر لەو شەش جارەی لە چارەکی کۆتایی بووە، چوار جار پەڕیوەتەوە قۆناخی دواتر، بەرامبەر چیک 1996 و ئەڵمانیا 2008 لەم قۆناخە کراوەتە دەرەوە.
  • فڕەنسا دەیەوێت لە دوایین پێنج بەشداریکردن بۆ جاری چوارەم بگاتە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییە گەورەکان.
  • یاریزانانی فڕەنسا لە دوایین پێنج یارییاندا نەیانتوانیوە لە هیچ یارییەکدا بە یاریی کراوە گۆڵ بکەن، لەو سێ گۆڵەی لە یۆرۆی 2024 تۆماریان کردووە دووانیان بەهەڵە تۆمارکراون و یەکێکیشیان بە لێدانی سزا بووە.
  • پۆرتوگاڵ لە دوایین دوو یاریی لە یۆرۆی 2024 نەیتوانیوە گۆڵ بکات، هەرگیز لە مێژووی پاڵەوانێتییە گەورەکاندا نەبووە سێ یاری لەسەریەک پۆرتوگاڵ گۆڵ نەکات.
  • کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین 8 یاریی لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا (مۆندیال و یۆرۆ) نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بۆ هەڵبژاردەکەی بکات.
  • ویلیام سالیبا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆی ئەمجارە ٪96.6ـی پاسەکانی درووستبوون، تاکە یاریزانی فڕەنسییە لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا لە وەشانێک هێندە پاسی دروست بێت.
  • ئێنگۆلۆ کانتێ تاکە یاریزانی فڕەنسییە لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا 19 یاری بەبێ دۆڕان (13 بردنەوە و 6 یەکسان) بکات.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە

پۆرتوگاڵ: دیۆگۆ کۆستا، جواو کانسێلۆ، رۆبن دیاز، کێپلەر پێپێ، نونو مێندێز، پالینها، ڤیتینها، رونو فێرناندێز، رافایل لیاو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بیرناردۆ سیلڤا.

  • هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، جواو کانسێلۆ، جواو پالینها، پێدرۆ نێتۆ، رۆبن نێڤێز، فرانسیسکۆ کۆنسێساو لە پۆرتوگاڵ ئەگەر لە یارییەکە کارتی زەردیان بەڕوودا بەرز بکرێتەوە بەهۆی کەلەکەبوونی کارتەکانیان لە یاریی پێش کۆتایی بێبەش دەبن ئەگەر هەڵبژاردەکەیان سەربکەوێت.

فڕەنسا: مایک ماینان، ژوول کۆندێ، ویلیام سالیبا، دایۆت ئۆپامیکانۆ، تیۆ هێرناندێز، ئێنگۆلۆ کانتێ، ئۆرێلین چوامێنی، ئانتوان گریزمان، عوسمان دێمبلی، مارکۆس تورام، کیلیان ئێمباپێ.

  • هەریەکە لە عوسمان دێمبلی، ئانتوان گریزمان، کیلیان ئێمباپێ و ئۆرێلین چوامینی ئەگەر لە یارییەکە کارتی زەرد وەربگرن لە یاریی داهاتوو بێبەش دەبن ئەگەر هەڵبژاردەکەیان بگاتە پێش کۆتایی.

بابەتی زیاتر

Back to top button