فه‌ره‌نساگرنگترین

پۆگبا: واز له‌ یاریكردن ناهێنم، چاوه‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزبن

پۆڵ پۆگبای فەرەنسی رایگه‌یاند، بیر لە وازهێنان له‌ یاریی تۆپی پێ ناكاته‌وه‌، دوای ته‌واوبوونی سزاكه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌.

لە کۆتایی مانگی شوباتی 2024 لەلایەن دادگای ئیتاڵیا سزای 4 ساڵ سڕكردنى بەسەر پۆگبا سەپاند، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی پشکنینی ستیرۆیدی هەڕەمەکی دوای یاریی نێوان یۆڤێنتۆس ئودینێز بۆ كرا، ده‌ركه‌وت رێژەیەکی زۆر لە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە جەستەیدا هه‌یه‌.

پۆڵ پۆگبا داوای کرد جارێكی دیكه‌ پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام ره‌تیانكرده‌وه‌ پێیان راگه‌یاند، ئه‌و نمونەی لێی وه‌رگیراوه‌ سەلماندویه‌تی، ئه‌و ماددە قەدەخەکراوەی خواردووە، بۆیە دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای دژە ماددە هۆشبەرەکانی ئیتاڵیا کرا، سزادرا.

ئه‌ستێره‌ ته‌مه‌ن 31 ساڵه‌كه‌ی فه‌ڕه‌نسا بۆ سكای سپۆرت رایگه‌یاند، تاكو ئه‌م كاته‌ش خۆم به یاریزانی تۆپی پێ ده‌زانم، هێشتا یاریزانی تۆپی پێم، سه‌یری ئه‌و هه‌واڵانه‌ مه‌كه‌ن كه‌ باس له‌ وازهێنانم ده‌كه‌ن، دەمەوێت بجه‌نگم و  به‌به‌هێزی بگه‌رێمه‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، بیرۆکەی کۆتاییهێنان بە كاروانی وه‌رزشیم به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تده‌كه‌مه‌وه‌، هێشتا تەواو نەبووم بەبه‌هێزی راهێنان دەکەم و هێشتا 100% یاریزانی تۆپی پێم.

 

پۆگبا خه‌ون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاریگاكانی تۆپی پێ ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سزاكه‌ی كه‌م نه‌كرێته‌وه‌، ده‌ستپێركردنه‌وه‌ی كاروانێكی نوێ قورس ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نی ده‌بێته‌ 35 ساڵ.

پۆل پۆگبا هێشتا یاریزانی یانه‌ی یۆڤینتۆسه‌، بەو پێیەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانه‌كه‌ی تا هاوینی 2026، یانە ئیتاڵییەکە  پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نەکردووە.

سەرەڕای ئامادەنەبوونی لە ریزی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا بۆ یۆرۆ، پۆگبا دوێنی ئاماده‌ی یاری نێوان فه‌ڕه‌نسا و به‌لجیكا بوو كه‌ كه‌ڵه‌شێره‌كان  توانیان براوه‌بن.

بابەتی زیاتر

Back to top button