ئینگلتەراگرنگترین

میخایلۆ مودریک چوار ساڵ سڕ دەکرێت؛ لە دادگای باڵای وەرزشیی تانە دەدات

کەی دەگەڕێتەوە؟

Yariga App

یاریگا –

میخایلۆ مودریک لەلایەن یەکێتی تۆپی پێوە سڕکردنی بۆ ماوەی 4 ساڵ لە تۆپی پێ بەسەردا سەپێنرا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 پشکنینەکەی بۆ ماددەی قەدەخەکراوی مێلدۆنیۆم ئەرێنی بوو.

بەگوێرەی تۆک سپۆرت، هێرشبەرەکەی چێڵسی لە دادگای باڵای وەرزشی CAS تانەی لە بڕیارەکەداوە. میشا بۆ یەکەمجار لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بە شێوەیەکی کاتی سڕکرا، دوای ئەوەی لە کاتی یاریی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ ئۆکراینا پشکنینی میزەکەی ئەرێنی بوو. دواتر یەکێتی تۆپی پێ FA لە مانگی حوزەیراندا دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکە بە نموونەی B تۆمەتباری کردی.

بەهۆی سڕکردنەکەوە، مودریک ناتوانێت لەگەڵ چێڵسی مەشق بکات و دامەزراوەکانی یانەی ئوکسبریج’ـی دەرەوەی خولەکان بەکاردەهێنێت. میخایلۆ رەتی دەکاتەوە هیچ هەڵەیەکی کردبێت و دەستەی پارێزەرانی وەرزشی مۆرگانی گرتووە، هەمان ئەو پارێزەرانەی کە نوێنەرایەتی پۆڵ پۆگبایان کرد لە کەیسی ماددە وزەبەخشەکانیدا.


هێشتا بەرواری دانیشتنی دادگا دیاری نەکراوە. مودریک هیوادارە سڕکردنەکەی هەڵبوەشێتەوە یان کەم بکرێتەوە. بۆ نموونە، پۆگبا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، سڕکردنەکەی لە 4 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 18 مانگ.

سڕکردنەکەی مودریک لە بەرواری راگەیاندنەکەوە دەستپێناکات، بەو مانایەی ئەو کاتەش دەگرێتەوە کە پێشتر بەسەری بردووە و دەکرێت تاوەکوو ساڵی 2028 دووری بخاتەوە. بەهەر حاڵ، بەرواری تەواوەتی گەڕانەوەی هێشتا نادیارە.

رۆژنامەنووس بێن جاکۆبس گوتی:

ئێستا لایەنەکان بەڵگەنامە نووسراوەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن و هێشتا دانیشتنی دادگا پەسەند نەکراوە. سەرچاوەکان پێیان گوتین کە سڕکردنەکە 4 ساڵە و مودریک هیوادارە، بە بەکارهێنانی هەمان پارێزەرەکانی پۆگبا، لەلایەن CAS بێتاوان دەرچێت یان لایەنی کەم سڕکردنەکەی کەم بکرێتەوە. ئەگەر وەکوو پۆگبا سڕکردنەکە کەم بکرێتەوە بۆ 18 مانگ یان 2 ساڵ، ئەوا لەبەر ئەوەی سڕکردنە کاتییەکەی هەژمار دەکرێت، دەتوانێت پێش وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە. بەڵام ئەگەر CAS پشتگیری لە بڕیارەکەی FA بکات، ئەوا داهاتووی لە چێڵسی و رەنگە کاروانی وەرزشیشی بکەوێتە گومانێکی گەورەوە.

جەیکۆبس هەروەها روونکردنەوەی لەسەر ماددەکەدا و گوتی:

ئەمە دەرمانێکی بەرزکردنەوەی ئاستە کە وادەبینرێت یارمەتی چاکبوونەوە بدات. هەمان ئەو ماددەیەیە کە ماریا شاراپۆڤا بەکاریهێناوە. مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی بە راستی تاوەکوو چەندێک یارمەتیدەرە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندی بە توانای جەستەیی و چاکبوونەوەوە هەیە. مودریک دەڵێت ئەو بە مەبەست هیچ شتێکی بەکارنەهێناوە. گوتیشی کە وەرزشوانان بە وردی بەرپرسیارن لەوەی چی لە جەستەیاندایە، تەنانەت ئەگەر بە رێکەوتیش خواردبێتیان.

سڕکردنەکە دەکرێت زیانی دارایی بە شاختاریش بگەیەنێت. دەکریت ئەوان بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە پاداشتەکانی گواستنەوەکەی بۆ چێڵسی لە ساڵی 2023 لەدەست بدەن، کە بەهای گواستنەوەکە 70 ملیۆن یۆرۆ بوو لەگەڵ 30 ملیۆن یۆرۆی زیادە بەپێی ئاستی یاریزانەکە.

سێرگی پالکین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شاختار گوتی:

ئێمە 30 ملیۆن یۆرۆمان لە پاداشتەکاندا هەیە. ئەگەر ئەو یاری نەکات یان چێڵسی ئەنجام بەدەست نەهێنێت، ئەو پارەیە لەدەست دەدەین. ئەوە کاریگەرییەکی گەورەیە. هەمووان هیوادارن ئەمە زوو کۆتایی بێت و مودریک بگەڕێتەوە. ئەگەرنا ئێمە 30 ملیۆن یۆرۆ لەدەست دەدەین.

مودریک دوایین جار لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 لە یارییەکی کۆنفڕانسلیگ بەرامبەر هێیدێنهایم یاریی بۆ چێڵسی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button