ئیسپانیا

ریال مەدرید بەهۆی بەندێکی وردی گرێبەستەکانی زیاتر لە سێ ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت

یاریگا –

ریال مەدرید بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ و لالیگا پارەی بەسەر دەبارێت و زیاتر سێ ملیۆن یۆرۆ لە سپۆنسەرێکی وەردەگرێت.

ماڵپەڕی ئەتلەتیکی ئەمریکی رایگەیاندووە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ و لالیگا لەم وەرزە زیاتر لە سێ ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنێت، یانە ئیسپانییەکە بەهۆی بەندێکی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیمارات پارەی بەسەر دەبارێت، لەکاتێکدا زۆربەی یانەکانی ئەوروپا بیریان لەو بەندە نەکردووەتەوە.

بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستی نێوانیان، ریال مەدرید بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ  2.5 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت لە کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیمارات وەردەگرێت کە سپۆنسەری سەرەکی یانەکەیە و دوای کۆمپانیای ئادیداس دووەمین گەورەترین سپۆنسەری یانە مەدریدییەکەیە.

ئەتلەتیک رایگەیاندووە، زۆربەی یانەکان کاتێک گرێبەست لەگەڵ سپۆنسەرەکانیان دەکەن هیچ بەندێک بۆ وەرگرتنی شیرینی بەدەستهێنانی نازناوەکان دانانێن، بەڵام ریال مەدرید لە گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیمارات بەندێکی داناوە ئەگەر نازناوی لالیگا یان چامپیۆنزلیگ بباتەوە، دەبێت لەلایەن کۆمپانیا ئیماراتییەکە پاداشت بکرێتەوە.

ریال مەدرید لەم وەرزە بە کۆکردنەوەی 95 خاڵ نازناوی لالیگای بەدەستهێنا و بۆ جاری 36ـەمین بووە پاڵەوانی خولەکە، لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگیش بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بۆڕووسیا دۆرتموندی بردەوە و بۆ جاری پازدەمین بووە پاڵەوانی ئەوروپا.

ریال مەدرید لەوەتەی ساڵی 2011 گرێبەستی لەگەڵ فلای ئیمارات واژۆ کردووە و ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە سپۆنسەری یانەکەیە و لۆگۆی کۆمپانیایەکە لەسەر درێسی یانەکە و لەناو یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ دانراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button