ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کورسییە مێژووییەکەی ئالابا لە مۆزەخانەی ریال مەدرید دانرا

سیمبوڵی سەرکەوتن و ریمۆنتاداکانی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ

یاریگا –

کورسییە سپییەکەی ئالاباتان بیر ماوە؟ ئێستا ئەم کورسییە هێندە گرنگ بووە دەبێت پارە بدەی بۆ ئەوەی بچی لە نزیکەوە سەیری بکەی.

ئەو کورسییەی شایەدی چیرۆکی سەرکەوتنەکانی سێ وەرزی رابردووی ریال مەدرید بوو، لە مەدرید بووەتە هێمای ریمۆنتادا و سەرکەوتن، ئالابا کورسییەکەی لە ماڵەوە لەلای خۆی پاراستبوو، بەڵام دوای کردنەوەی مۆزەخانە نوێیەکەی یانەکەیان بڕیاریدا پێشکەشی مۆزەخانەی یانەکەی بکات و کورسییە سپییەکە وەکو کەرەستەیەکی دانسقەی مێژوویی لە مۆزەخانەی یانە مەدریدییەکە دانراوە، کە نرخی بلیتێکی مۆزەخانەکە بۆ ئەوەی بچیتە ژوورەوە تا سەیری کەلوپەل و کەرەستە مێژووییەکانی یانەکە بکەی 51 دۆلارە.

کورسییەکەی داڤید ئالابا لە مۆزەخانەکەی ریال مەدرید
کورسییەکەی داڤید ئالابا لە مۆزەخانەکەی ریال مەدرید

ریال مەدرید لەم ساڵانەی کۆتاییدا هێندە نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، هاندەرانی یانەکە یادگارییان لەگەڵ هەموو شتێک تۆمار کردووە.

دوو ساڵ لەمەوبەر ئەم کورسییەی ئالابا شایەدی ریمۆنتادایەکی مێژوویی ریال مەدرید بوو، شەوی 9ـی مارسی 2022 کاتێک ریال مەدرید میوانداریی پاریس سانجێرمانی کرد و کەریم بێنزێما و هاوڕێیەکانی ریمۆنتادایەکی بێ وێنەیان بەسەر پاریسییەکاندا کرد، داڤید ئالابا ئەم کورسییەی بەرزکردبووەوە و وەکو رەمزێکی سەرکەوتن گرتبووی.
ئالابا هەر ئەو شەوە دوای بردنەوەکەیان لە سانجێرمان، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس وێنەی خۆی و کورسییەکەی دانا و نووسیبووی: لەسەر کورسییەکەی ئێمە دامەنیشە!

ئالابا لەبارەی ئاهەنگگێڕانە مێژووییەکەی دەڵێت: ئەوکات زۆر بیرم نەکردەوە، تەنیا دەمویست گوزارشت لە هەست و سۆزی خۆم بکەم و کورسییەکەم بینی و بەرزمکردەوە، کاتێک ریمۆنتادا دەکەی وەکو شێتت لێ دێت، دڵخۆشم بەوەی بەرزکردنەوەی کورسی بووەتە سیمبوڵێکی من.

لە ئێسپانیا هەر کاتێک باسی کورسی بکرێت ئالابایان بیر دەکەوێتەوە، کورسییە سپییەکە بووەتە هاوواتای بەرگریکارە نەمساییەکە، هەرکاتێکیش ئالابا بباتەوە یان دڵخۆش بێت کورسی بەرز دەکاتەوە، لە ئاهەنگگێڕانەکانی ریال مەدرید ئێستا بەرزکردنەوەی کورسی بووەتە نەریت، ئەوەتە ئەم وەرزەش دوای بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ ئالابا هەر خەریکی بەرزکردنەوەی کورسییە سپییەکەی بوو.

ریال مەدرید لە ئێستاوە لە مۆزەخانە نوێیەکەی تووشی کێشە بووە، وا بڕوات جێگای دانانی نازناو و کەرەستە تایبەتەکانی تێدا نابێتەوە، ئێستا کە 15 نازناوی چامپیۆنزلیگ لە دەلاقەیەکی مۆزەخانەکە دانراوە، تەنیا جێگای سێ نازناوی دیکەی تیادا دەبێتەوە، جامە گوێچکەدارەکەی چامپیۆنزلیگ 49 سانتیم پانە و دەلاقەکەی مۆزەخانەکە هەشت مەترە درێژە، بۆیە تەنیا شوێنی سێ جامی دیکەی تیادا دەبێتەوە، ئیدی دەبێت فلۆرێنتنۆ پێرێز جێگایەکی دیکە لەناو مۆزەخانەکە بۆ جامە گوێچکەدارەکانی چامپیۆنزلیگ بدۆزێتەوە.

کورسییەکەی داڤید ئالابا لە مۆزەخانەکەی ریال مەدرید
کورسییەکەی داڤید ئالابا لە مۆزەخانەکەی ریال مەدرید

بابەتی زیاتر

Back to top button