ئیسپانیا

رامۆس پەیامی ماڵئاوایی بڵاو دەکاتەوە، ئایا سێڤیا جێدەهێڵێت؟

یاریگا –

سێرجیۆ رامۆس، ئەستێرەی دیاری تۆپی پیی ئیسپانیا و یانەی سێڤیا بەو پەیامەی شەوی رابردوو بڵاوی کردەوە، ماڵئاوایی لە هاندەرانی ئەم تیپە کرد.

شەوی رابردوو، رامۆس لە پێکهاتەی سەرەکی تیمەکەی لە دوایین یاری سێڤیا لە پاڵەوانێتی لالیگا بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادە بوو و بە ئەنجامی 2-1 تووشی شکست بوون و نەیتوانی رێگری لە شکستی تیمەکەی  بگرێت.

شتێکی سەرنجڕاکێش کە لە دوایین یاریی رامۆس لەم وەرزەی لالیگا روویدا ئەوە بوو کە شەوی رابردوو هەر چوار منداڵی ئەم یاریزانە لە یاریگا ئامادە بوون و وەک یادگاریەک وێنەیەکی لەگەڵیاندا گرت و ئەو پەیامەی کە لە لاپەڕە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک گومان لەوە بکەن کە چیتر نایەوێت لە سێڤیا بەردەوام بێت.

ئەستێرە ئیسپانییەکە لە تویتەکەیدا نووسیویەتی:

وەرزێکی زۆر ئاڵۆز کۆتایی هات، بەڵام ئەم وەرزە بۆ من زۆر تایبەت بوو. زۆر سوپاس بۆ خۆشەویستی و پشتگیری بێ کۆتاییتان هاندەرانی سێڤیا. ئێوە لە دڵمدا دەهێڵمەوە.

ئەم پۆستە بووەتە هۆی ئەوەی قسە و باسی لە ئەگەری جێهێشتنی سێڤیا بکرێت. گرێبەستی یەک ساڵەی رامۆس لەگەڵ سێڤیا کۆتایی هات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەدوای تیپێکی بەهێزتردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا رکابەری بکات، بەڵام هێشتا دیار نییە دۆخی بەرگریکارەکە وەرزی داهاتوو چی لێدێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button