ئیسپانیاگرنگترین

بۆمبەکەی تەقاندەوە؛ چاڤی هۆکاری سەرەکی مانەوەی ئاشکرا دەکات

چاڤی هۆکاری سەرەکی مانەوەی لە بارسا ئاشکرا دەکات

یاریگا –

چاڤی هێرناندێز لە بڕیارەکەی پاشگەز دەبێتەوە و لە پۆستی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت.

چاڤی سەرەتای ئەمساڵ دەستی لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا کێشایەوە، بەڵام دوێنێ چوارشەممە لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە و وەرزی داهاتووش لە راهێنەرایەتیکردنی یانە کاتالۆنییەکە بەردەوام بێت.

پێش دەستپێکردنی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، چاڤی هێرناندێز و خوان لاپۆرتا و دیکۆ بەیەکەوە دەرکەوتن و پەیامنی خۆیان بۆ یەکتری و یانەکە دووپاتکردەوە.

لە دەستپێکدا لاپۆرتا گوتی

هاتووم بە شانازییەوە پێتان بڵێم چاڤی لە بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت، گەرچی پێشتر بڕیاریدابوو واز بهێنێت، بەڵام ئەو بڕیاریداوە لە پڕۆژە وەرزشییەکەی یانەکەمان بەردەوام بێت. چاڤی زۆر بە گڕوتین و تامەزرۆییەوە لەگەڵمان بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی ئەو ئەزموونەی وەکو سەرۆکی یانە هەمە، سەقامگیری لە یانە زۆر گرنگە، ئێمە لە یەکەم رۆژەوە تامەزرۆیی و گڕوتینێکی زۆرمان لە چاڤی بینیوە، ئێمە دڵنیاین ئەمە باشترین بڕیارە بۆ بارسێلۆنا، ئەو تیپەی ئێمە هەمانە لاوە، بۆیە سەقامگیری بۆ یاریزانانی لاو گرنگە، بۆیە بەردەوامبوونی چاڤی سەقامگیرییان پێ دەدات.

لاپۆرتا جەختی لە پاڵپشتی بەردەوامی چاڤی کردەوە

پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ چاڤی هێرناندێز دووپات دەکەینەوە و هیوادارم تەواوی ئەو کەسانەی لە بارسێلۆنا کار دەکەن پشتگیریی چاڤی بکەن، چاڤی متمانەی تەواوی ئەنجوومەنی کارگێڕی یانەکەمانی هەیە و هاندەران متمانەیان پێی هەیە.

چاڤی هێرناندێز، هۆکاری مانەوە و پەشیمان بوونەوەی لە بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و گوتی

دەمەوێت بە کورتی پێتان بڵێم بۆچی لە بڕیارەکەم پەشیمان بوومەوە و بڕیارەکەم گۆڕی، هەستم بە متمانەی هەمووان کرد و هەستم بەوە کرد، کارگێڕی یانەکەمان متمانەیان بە منە، هەموومان بڕوامان بەوە هەیە، کە پێویستە ئەم پڕۆژەیە بەردەوام بێت، منیش گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئەم پڕۆژەیە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە بەردەوام بێت.

چاڤی هۆکاری سەرەکی پەشیمانبوونەوەی لە بڕیارەکەی ئاشکرا کرد

پشتیوانی یاریزانەکان بۆ من زۆر گرنگ بوو، وایان لێکردم بڕیار بدەم بەردەوام بم، گەیشتمە ئەو بڕوایەی هێشتا ئەم پڕۆژەیە کۆتایی نەهاتووە، ئەگەرچی ئەم وەرزە لەوانەیە هیچ نازناوێک بەدەست نەهێنین.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، لاپۆرتا پلانەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتووی بۆ پشتیوانانی یانە کاتالۆنییەکە خستەڕوو

کارگێڕی وەرزشی یانە و راهێنەرەکەمان کار لەسەر باشترکردنی تیپەکەمان دەکەن، بەڵام ئێستا پێتان ناڵێم چ گۆڕانکارییەک لە تیپەکەمان پێ دەکرێت، چونکە ئەم بابەتە هونەرییە.

رۆژنامەنووسێکی ئامادەبووی کۆنگرەکە، پرسیارێکی هەستیاری ئاڕاستەی لاپۆرتا کرد و لێی پرسی؛ ئایا بەهۆی سزایە داراییەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی چاڤیتان هێشتەوە؟

بە هیچ شێوەیەک بیرمان لە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی یان سزایە داراییەکانی بەردەوام نەبوونی چاڤی نەکردووەتەوە، بەڵکو چاڤی سیمبوڵی یانەکەمانە و ئەو خاوەنی شکۆی خۆیەتی و پێویستی بە پارە نییە، بۆیە گۆڕینی بڕیارەکەی تەنیا پەیوەندی بە لایەنی وەرزشییەوە هەیە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button