چامپیۆنزلیگگرنگترین

ئەنچیلۆتی: هەموومان دەمانویست بگەینە لێدانە یەکلاکەرەوەکان چونکە دەمانزانی دەبەینەوە

یاریگا –

ئەنچیلۆتی ناوەرۆکی قسەکانی نێوان خۆی و گواردیۆلا ئاشکرا دەکات، کە دوای ئەوەی ریال مەدرید بەسەر مانچێستەر سیتیدا سەرکەوت ئەو دوو راهێنەرە بەیەکەوە قسەیان کرد.

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی دوای سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەڵێت :’گواردیۆلا بە گیانی وەرزشییەکەی زۆر سەرسامی کردم، دوای یارییەکە هاتە لام و پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێکردم بۆ قۆناخی داهاتوو و هیوای بەختێکی باشی بۆ یاریی داهاتوو بۆ خواستین، گواردیۆلا هەمیشە پیاوێکی ناوازە و گەورەیە، وەرزی رابردوو مان سیتی بەسەر ئێمەدا سەرکەوت بەڵام ئەمجارەیان نۆرەی ئێمە بوو، زۆر دڵخۆشم گەیشتینە قۆناخی پێش کۆتایی’.

هەروەها ئەنچیلۆتی دەشڵێت :’هەمووان وایاندەزانی ریال مەدرید مردووە، بەڵام ریال مەدرید هەرگیز نامرێت، ئێمە بەهۆی کەسایەتی و DNAـی ریال مەدریدەوە توانیمان بەسەر مانچێستەر سیتیدا سەربکەوین، ئێمە بڕوای تەواومان بەخۆمان هەبوو لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان سەردەکەوین بۆیە زۆربەمان حەزمان دەکرد یارییەکە بگاتە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، ئاندرێ لونین ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و چەندان یاریزانیش ئامادە بوون و دەیانویست لێدانە یەکلاکەرەوەکان جێبەجێ بکەن’.

راهێنەرەکەی لۆس بلانکۆس دەشڵێت :’ئێمە زۆر بە باشی دەستمان بە یارییەکە کرد و لە ئەنجامی یارییەکە بەپێش کەوتین، بەڵام دواتر هەندێک هاتینە دواوە و کێشەمان هەبوو مان سیتی باڵادەست بوون، بەڵام ئێمە بەرگرییەکی باشمان کرد و خۆمان راگرتبوو’.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button