
یاریگا –
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، یۆشکۆ ڤاردیۆل، بەرگریکاری مانچێستەر سیتی، لە رێگەی بریکارەکانیەوە خۆی پێشکەشی یانەی ریال مەدرید کردووە و ئەم جووڵە کتوپڕە بەرپرسانی یانەکەی بە تەواوی سەرسام کردووە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لەمێژەوە چاودێری ڤاردیۆل دەکات، تەنانەت پێش ئەوەی لە هاوینی 2023 بە 90 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە بچێتە مان سیتی. ئێستا کە یانەی شاهانە بەهۆی وەرزە پڕ لە کێشەکەیەوە دەیەوێت شۆڕشێک لە هێڵی بەرگریدا بکات، ناوی ئەم کرواتییە تەمەن 23 ساڵە دووبارە هاتووەتەوە پێشەوە.
ڤاردیۆل ئەم وەرزە بەهۆی پێکانێکی قورس کاتی سەختی بەڕێکردووە و لە کانوونی دووەمەوە نەشتەرگەری بۆ کراوە، تەنانەت مەترسی لەسەر بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026ـش هەیە. سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی تاوەکوو 2028 بەردەوامە، بەڵام بریکارەکانی دەیانەوێت بیبەنە دەرەوەی ئینگلتەرا و ریال مەدریدیش یانەی دڵخوازی یاریزانەکەیە.

پشێوی لە سیتی و رەتکردنەوەی بارسێلۆنا لەلایەن بێرناردۆوە
تەنیا ڤاردیۆل نییە؛ راپۆرتەکەی ئاس ئاشکرای دەکات کە بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی پورتوگالیش خۆی پێشکەشی ریال مەدرید کردووە دوای ئەوەی بە فەرمی ئۆفەرەکەی بارسێلۆنای رەتکردەوە. هۆکاری ئەم کۆچە بەکۆمەڵەی ئەستێرەکانی سیتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داهاتووی پێپ گواردیۆلا نادیارە و پێشبینی دەکرێت تەنیا یەک وەرزی دیکە لەگەڵ سیتی بمێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە یاریزانەکان بیر لە گۆڕینی کەشوهەوا بکەنەوە.
کاریگەریی جادوویی مۆرینیۆ
هاتنی ئەگەریی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ سەر کورسیی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، تەواوی سیناریۆکانی گواستنەوەی یانەکەی گۆڕیوە. مۆرینیۆ داوای ناوی گەورە دەکات و پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ بریکارەکان دەکرێت رێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ڤاردیۆل و بێرناردۆ لە وەرزی داهاتوودا درێسی سپی شاهانە بپۆشن.



