چاوەڕواننەکراو؛ گومان لە بەشدارییکردنی ئەستێرەیەکی ئیسپانیا لە مۆندیال هەیە
نەیتوانیوە هیچ پێگەیەک مسۆگەر بکات

یاریگا –
وەرزی لاواز و ناڕازییکەری هاوسن وای لێکردووە لە پێگەیەکی لاوازدا بێت پێش راگەیاندنی پێکهاتەی مۆندیال.
کۆتا پێکهاتەی 26 یاریزانیی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە 25ـی ئایاردا رادەگەیەنرێت، کە دەکاتە یەکەم دووشەممە لە دوای کۆتایی هاتنی وەرزی خولەکە. نزیکەی 20 ناو لە ئێستاوە وەکوو یەکلابووەوە سەیر دەکرێن. پێکهاتەکە تاوەکوو رادەیەکی زۆر بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام چەند جێگەیەکی کەم هێشتا بەتاڵن، یەکێک لەوانەش کۆتا پێگەی دڵی بەرگرییە.
هاوسن هێشتا لە پێشەنگی پێشبڕکێکەدایە بۆ ئەو جێگەیە، بەڵام بە بەرژەوەندییەکی کەمتر لەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر هەیبوو. ئێستا مشتومڕێکی راستەقینە هەیە. بەگوتەی سەرچاوەکانی دەوروبەری لاس رۆزاس، ئامادەبوونی لە مۆندیالدا چیدیکە دڵنیایی نییە.

دوو دڵی بەرگریی دڵنیایی تەواویان لەسەر هەیە؛ پاو کوبارسی و ئێمریک لاپۆرت. لە راستیدا ئێستا وەکوو دووانەی سەرەکی دەردەکەون، هەرچەندە ئەوە لە کۆتاییدا بە ئاستی نێو یاریگاوە بەندە.
مارک پوبیلیش بە هەمان شێوە تاوەکوو رادەیەکی زۆر چوونەنێو پێکهاتەکەی مسۆگەر کردووە و وەکوو یەکێک لە گەورەترین دەرکەوتەکانی ئەم وەرزە سەیر دەکرێت. بەهۆی ئازاری پەراسوویەوە بانگهێشتەکەی مانگی ئازاری لەدەستدا، بەڵام ئەگەر هەڵبژێردرێت، ئەمە دەبێتە یەکەم مۆندیالی لەگەڵ تیمی یەکەم دوای ئەوەی پێشتر لە ساڵی 2024 مەدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادی بەدەست هێنابوو. بەشداریکردنی بە تەواوی لەسەر بنەمای شایستەیی سەیر دەکرێت.

کێبڕکێیەکی توند
لە دەرەوەی ئەو ناوانە، کێبڕکێکە بە تەواوی کراوەیە.
هاوسن هێشتا لە پێشەنگی کێبڕکێکەدایە بۆ ئەوەی ببێتە چوارەم دڵی بەرگری لە پێکهاتەکەدا، بەڵام کێبڕکێکە توندە. بە تایبەتی دوو ناوی دیار هەن؛ جۆن مارتین، کە دەرکەوتەیەکی دیکەی ئەم وەرزەیە و مۆسکێرا، کە دێ لا فۆنتێ پێشتر لە مانگی ئازاردا متمانەی خۆی پێ بەخشیبوو. راهێنەرەکەی ئیسپانیا بە ئاشکرا ئەوی بەدڵە.
کەمێک لە دوای ئەوانیشەوە لۆ نۆرماند دێت، کە یاریزانێکی گرنگ بوو لە نەیشنزلیگ و یۆرۆدا، لەگەڵ ئیریک گارسیا و ڤیڤیان، کەسایەتییەکی دیکەی رێزلێگیراوە لەنێو ژووری خۆگۆڕیندا.
هاوسن لە هەموو لایەکەوە رووبەرووی کێبڕکێی توند دەبێتەوە.

وەرزی ناسەقامگیر
گومانی جدی هەیە چونکە وەرزی ئەو نائومێدکەر بووە و قۆناخی کۆتاییشی خراپتر بوو. ئەو لەبەرەوپێشچوونەوە بەرەو دابەزینێکی روون چوو. هاوسن گرانبەهاترین بەرگریکارە لە مێژووی ریال مەدریددا (58 ملیۆن یۆرۆ)، نیشانەیەک کە سرووشتیانە چاوەڕوانییەکی گەورە دەهێنێتە ئاراوە، چاوەڕوانییەک کە بە تەواوی بەدی نەهێناوە.
بە گشتی لەم وەرزەدا لە کۆی 54 یاریی یانەکە لە 38 یارییدا بەشداریی کردووە. لە 35 یارییاندا سەرەکی بووە و تەنیا دوو جار بە هۆکاری تەکنیکییەوە دوور خراوەتەوە. بۆ زۆربەی بەشەکانی وەرزەکە، هەر کاتێک بەردەست بووبێت، یاریی کردووە. سەرەت لەگەڵ میلیتاو، دواتریش لەگەڵ رۆدیگەر.
بەڵام لە کۆتاییدا گرنگیی و متمانەی خۆی لەدەستدا، شتێک کە بە روونی لە میونشن دەرکەوت. لە گەورەترین شەودا، ئاربێلوا لەبری ئەو میلیتاو و رودیگەری هەڵبژارد و هاوسنی لەسەر کورسی یەدەک هێشتەوە.
ژمارە گشتییەکان یارمەتی نادەن:
تەنیا 12 کلین شیت لە 38 یارییدا کە بەشداریی کردووە.
ریال مەدرید 41 گۆڵی لێکراوە لەو یارییانەدا.
تێکڕا: 1.08 گۆڵی لێکراوە لە هەر یارییەکدا.
بە دەستەواژەیەکی سادە،کاتێک هۆیسن لە ناو یاریگادا بووە، مەدرید لە هەر یارییەکدا نزیکەی گۆڵێکی لێکراوە.
بێگومان ئەمە تەنیا خەتای ئەو نییە، بەڵام هێشتا زیان بە ناوبانگی ئەو دەگەیەنێت، ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەو بەو چاوەڕوانییەوە هاتبوو ببێتە ‘قەیسەر’ـی هێڵی بەرگری، شتێک کە هێشتا نەیتوانیوە ببێت، لانی کەم لە یەکەم وەرزیدا.

هەشتەم یاریزان کە زۆرترین بەشداریی کردووە
سەرەڕای ئەمانەش، هاوسن 60%ـی کۆی خولەکەکانی تیمەکەی یاریی کردووە (2,928 خولەک لە کۆی 4,860 خولەک)، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە هەشتەم یاریزان کە زۆرترین کات لە پێکهاتەکەدا بووە. بەڵام وەرزەکەی لەبری ئەوەی گەشاوەتر بێت، زیاتر تەمومژاوی بووە. لەبری ئەوەی بەهێزتر بێت، کاریگەرییەکەی لە خراپترین کاتدا کاڵ بووەوە.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە لە دوای یاریی یەکەم بەرامبەر بایرن، تەنیا لە سێ یاری لە کۆی حەو یاریی رابردوودا سەرەکی بووە. ڤایرۆسێکی ئەنفلۆنزاش دۆخەکەی خراپتر کرد و تەنانەت ناچاری کرد تەنیا پێنج خولەک پێش دەستپێکردنی یاریی کلاسیکۆ لە یارییەکە دوور بکەوێتەوە، ئەمەش سیناریۆیەکی زۆر دەگمەنە.
چاوەڕوان دەکرێت بەرامبەر سیڤییا بگەڕێتەوە، هەرچەندە هێشتا گومان هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا سەرەکی دەبێت یان نا.

بوونی لە پێکهاتەی سەرەتاییدا
بوونی ناوی لە لیستی سەرەتایی 55 یاریزانیدا وەکوو یەکەم هەنگاو، ئەرێنییە. بەڵام لەوێوە کێبڕکێکان بە توندی دەمێننەوە.
لەو کاتەوەی لە نەیشنزلیگ درەوشایەوە، هاوسن تەنیا لە دوو بانگهێشتی دیکەی ئیسپانیا دەرکەوتووە و دوو کەمپی دیکەشی بەهۆی پێکانەوە لەدەستداوە. لە دوایین کەمپدا تەنیا لە یاریی دووەمدا بەشداریی کرد لەگەڵ پێکهاتەیەکدا کە زۆربەی یاریزانانی یەدەک بوون.
هاوسن بەو هێز یاخود وزەیەوە نەگەیشتووەتە ئەم کاتە کە خۆی ئارەزووی دەکرد. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا وەکوو بەربژێرێکیی سەرەکی بۆ دواین پێگەی هێڵی بەرگری دەمێنێتەوە. بەڵام جێگەکەی لە مۆندیالدا زۆر دوورە لەوەی پارێزراو بێت. گومانی جدی لە لاس رۆزاسەوە هەیە.



