عێراقکوردستان

وەلی کەریم: هەرگیز ناگەڕێمەوە یانەی نەورۆز و لە بڕیاری وازهێنانم لە راهێنەرایەتی یانەکە پەشیمان نابمەوە

وەلی کەریم رەتیدەکاتەوە لە بڕیاری وازهێنانی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی نەورۆز پەشیمان بێتەوە و دەڵێت ‘ هەرگیز ناگەڕێمەوە یانەی نەورۆز’.

دوای شکستەکەیان لە گەڕی 22ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەرامبەر یانەی زاخۆ، وەلی کەریم ڕاهێنەر یانەی نەورۆز دەستی لەکار کێشایەوە و لە سۆشیاڵ میدیا وازهێنانی خۆی لە راهێنەرایەتی یانەکەی سلێمانی راگەیاند.

دوای ئەوەی وەلی کەریم رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند، بەشێک لە هاندەران و بەرپرسانی یانەکە دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە بۆ ئەوەی وەلی کەریم رازی بکەن لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە، بەڵام وەلی کەریم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: دەمەوێت لەبارەی هەندێ هەواڵ کە گوایە من دەگەڕێمەوە ڕاهێنەرایەتی یانەی نەورۆز بۆتان ڕوونبکەمەوە کە ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستی، من لەگەڵ یانەی نەورۆز لە ڕابردوودا کاتی خۆشمان بەسەر بردووە، بۆیە من ئێستا هاندەری یانەی نەورۆزم و هەرگیز لە بڕیارەکەشم پاشگەز نابمەوە و ناگەڕێمەوە ڕاهێنەرایەتی یانەکە، ئەمە دوایین قسەی منە، زۆر سوپاسی سەرۆکی یانە و دەستەی کارگێڕی یانەکە دەکەم’.

بە پێی چەند سەرچاوەیەک کارگێڕی یانەی نەورۆز ئێستا لە هەوڵی گفتوگۆدایە لەگەڵ ڕاهێنەر نزار مەحروسی سووری بۆ ئەوەی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت لەو 16 یاریەی ماوە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.

بابەتی زیاتر

Back to top button