عێراق

ڤیدیۆ | پێش یارییەکی ئەمڕۆی خولی نایابی عێراق لە ئەنبار رووداوێکی سەیر روویدا

یاریگا –

لە رووداوێکی سەیر و نامۆدا درەنگانی شەوی رابردوو یاریزانانی ناسڕیە لە هۆتێلەکەیان دەرکران، کە بۆ یارییەکەیان بەرامبەر گەرمە لە خولی نایابی عێراق گەشتی ئەنباریان کردووە.

شاندی یانەی ناسڕیە شەوی رابردوو کاتژمێر یەکی شەو لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ئەنبار کرایە دەرەوە، لەکاتێکدا وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 03:30 ناسڕیە لە خولی نایابی عێراق ببێتە میوانی گەرمە، کە هەردوو یانە رکابەری پێشمەرگەی سلێمانی دەکەن بۆ ئەوەی لە کۆمەڵەی یەکەم بلیتی سەرکەوتن بۆ ریزی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەست بهێنن.

شەوانی رابردوو لە بەردەم شوێنی مانەوەی یانەی ناسڕیە خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، گەرچی یانەی ناسڕیە پێداگیریان لەسەر رۆیشتنیان و گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان دەکرد، بەڵام خەڵکی ئەنبار رێگایان پێنەدان بگەڕێنەوە و رازیان کردن بچنە ماڵەکانیان و لەوێ پێشوازییان لێبکەن.

دوای ئەوەی شاندی یانەی ناسڕیە لە هۆتێلەکەیان کرابوونە دەرەوە، خەڵکی ئەنبار لە ماڵەکانیان پێشوازییان لە شاندی یانەکە کرد، کە یانەی گەرمە رکابەری ئەمڕۆی ناسڕیە کەوتووەتە پارێزگاری ئەنبار و نوێنەرایەتی خەڵکی شارەکە دەکات، بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، یەکێک لە شێخی هۆزەکانی ئەنبار لە ماڵەکەی پێشوازی لە شاندی یانەی ناسڕیە کردووە.

بەگوێرەی گوتەی سەرپەرشتیارانی هۆتێل و کەرتی گەشتوگوزاری ئەنبار، ئەو شوێنەی شاندی یانەی ناسڕیە تیایدا مابووەوە، لە بنەڕەتدا رێستورانتە و مۆڵەتی هۆتێڵ و پێشوازیکردنی لە مانەوەی خەڵکی نییە، بۆیە پاسەوانی هۆتێلەکە داوای لە شاندی یانەکە کردبوو جێگاکە بەجێبهێڵن، کەچی بە گوتەی بەرپرسانی یانەی ناسڕیە لەم وەرزەدا سێ یانەی دیکە لەو هۆتێلە ماونەتەوە و هیچ کێشەیان نەبووە.
لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی نایابی عێراقدا کە پێشمەرگەی سلێمانی بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە، ناسڕیە بە 27 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە و گەرمەش بە 22 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، کە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دەگاتە خولی ئەستێرەکانی عێراق.

سێ یاریزانی کورد (گۆران عیماد، کۆسرەت بایز، رێباز عەبدوڵا) لە یانەی گەرمە یاریی دەکەن و راهێنەرانی کوردیش سەپەرشتی دەستەی راهێنەرانی یانەکە دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button