ئینگلتەراگرنگترین

ڤیدیۆ | هەزاران موسڵمان لەناو یاریگای ئانفێڵد بەربانگیان کردەوە

یاریگا –

هەزاران موسڵمانان لە یاریگای ئانفێڵد هاوشێوەی یاریگاکانی ئیتیحاد و ستامفۆرد بریدج لە مانگی رەمەزاندا بەربانگیان کردەوە و لەناو یاریگا بەناوبانگەکەی لیڤەرپوول بانگ درا.

دوێنێ یەکشەممە (7ـی نیسان/ئەپرێلی 2024) کە رۆژی بیست و هەشتەمی مانگی رەمەزانی پیرۆز بوو، نزیکەی سێ هەزار موسڵمان لەناو یاریگای ئانفێڵد بەربانگیان کردەوە و نوێژیان کرد، کە ساڵانە موسڵمانان لە چەندان یاریگای گەورە و بەناوبانگی پرێمەرلیگ بەربانگ دەکەنەوە.

دەزگای خێرخوازیی یانەی لیڤەرپوول بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای حەسانەوەی ئیسلامی بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز لەناو یاریگای یانەی لیڤەرپوول ئیڤێنتێکی جیاوازی بۆ موسڵمانان رێکخست، تیایدا لەناو یاریگای ئانفێڵد بانگ درا، دوو هەزار و 800 موسڵمان لەو یاریگایە بەربانگیان کردەوە، کە ئەمە دوای ساڵی 2018 دووەمجارە موسڵمانان لەو یاریگایە بەربانگ دەکەنەوە.

جگە لە یاریگای ئانفێڵد ئەمساڵ لە یاریگای ئیتیحادی مانچێستەر سیتیش بانگ درا و موسڵمانان بەربانگیان کردەوە، کە ساڵانە دەزگا خێرخوازی و ئیسلامییەکان لە بەریتانیا لە شوێنە گشتییەکان بەربانگکردنەوە بۆ موسڵمانان رێکدەخەن، ساڵی رابردوو موسڵمانان لە یاریگای وێمبلی و ستامفۆرد بریدج و چەندان یاریگای دیکەی گەورەی بەریتانیا بەربانگیان کردەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button