ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌

سێرجیۆ رامۆس سێڤییا جێدەهێڵێت؟

یاریگا –

سێرجیۆ رامۆس دەیەوێت بەخێرایی داهاتووی خۆی لەگەڵ سێڤییا یەکلایی بکاتەوە.

ماڵپەڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، رامۆس دەستیکردووە بە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئۆفەرانەی پێشکەشی دەکرێت، یاریزانەکە لە داهاتووی خۆی لەگەڵ سێڤییا دڵنیا نییە و دەیەوێت بەخێرایی چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە.

بەرگریکارە ئیسپانییەکە ساڵانە 2 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە لە سێڤییا وەردەگرێت، کە زۆر کەمترە لەچاو ئەو مووچەی لە پاریس وەری دەگرت، بەڵام تا ئێستا یانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گفتوگۆی لەگەڵ نەکردووە.

سێڤییا لەم وەرزەی لالیگا بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، تەنیا 6 خاڵ لە ناوچەی دابەزین دوورە، بۆیە تا مسۆگەر نەکردنی مانەوەی لە خولەکە نایەوێت پەلە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی رامۆس بکات.

لەلایەکی دیکە پێویستە بۆ وەرزی داهاتوو 60 ملیۆن یۆرۆ لە مووچەی گشتی تیپەکە کەمبکەنەوە، کە سێ وەرزە بەدەست گرفتی یاسای درایی یاری خاوێن دەناڵێنن.

ئەم هۆکارانەش وایکردووە، داهاتووی بەرگریکارە تەمەن 38 ساڵانییەکە بە ناڕوونی بمێنێتەوە، بەڵام رامۆس نایەوێت هاوشێوەی وەرزی رابردوو بە درێژایی هاوین لە دڵەڕاوکێدا بێت، بۆیە دەیەوێت ئەم هاوینە خێراتر چارەنووسی یەکلایی ببێتەوە.

رامۆس لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی ئازاد بۆ یەک وەرز پەیوەندی بە سێڤییا کرد، ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەکەی پێشکەش دەکات، لە 29 یاری 7 گۆڵی کردووە و یەک گۆڵیشی درووستکردووە.

سێرجیۆ رامۆس لەگەڵ سێڤییا

 

بابەتی زیاتر

Back to top button