فه‌ره‌نسا

مێسی فەرەنسا هەمووانی سەرسامکردووە

یاریگا –

رایان مێسی، رووخساری نوێی تۆپی پێی فەڕەنسایە، کە ئاستێکی بەرچاوی لە هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵانی ئەم وڵاتەدا پێشکەش کردووە.

زۆرجار هەندێک بەهرەمەندی نوێ سەرهەڵدەدەن کە بە “مێسی نوێ” ناودەبرێن. ئەمە نەک تەنیا لە تۆپی پێدا، بەڵکو لە وەرزشەکانی دیکەشدا بەدی دەکرێت. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم رووخسارە نوێیانە هیچ پەیوەندیەکیان بە براوەی 8 جار خەڵاتی باڵۆندۆر یان خێزانەکەیەوە نییە، بەڵام ئەم نازناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەهرەکانیان بگونجێت بەکاردێت.

دوایین بەهرەمەندی تۆپی پێ رایان مێسی، یاریزانێکی تەمەن 16 ساڵە و خەڵکی دیجۆنە و بەم دواییە لە هەڵبژاردەی لاوانی فەرەنسا یاری کردووە و ئێستا کاتی ئەوەیە فەرەنسا شانازی بە هەبوونی مێسی نوێیەوە بکات.

ئەم یاریزانە لاوە تۆپی پێیە هیچ پەیوەندییەکی خێزانیی لەگەڵ ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە نییە و لە ساڵی 2007 لەدایک بووە. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی RMC Sport، ناوی بنەماڵەکەی لە زاکاری باوکی کە بەڕەچەڵەک خەڵکی کامیرۆنە و باپیرەی کە سودانی بووە، پێگەیشتووە. ناوی بنەماڵەی ئەستێرەی ئێستای ئینتەر مەیامی دەتوانێت قورسایی لەسەر شانی ئەو یاریزانە لاوە دابنێت، بەڵام ئەو بە بێ هیچ نیگەرانییەک مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

بەگوێرەی ستافی راهێنەرایەتی دیجۆن، رایان میسی بەزۆری وەک یاریزانی باڵی چەپ لە ریزەکانی لاوانی یانەکەوە یاری دەکات، هەروەها بەهۆی بەهێزی و جەستەی زۆر تۆکمە بە خێرایی خۆی لە یاریزانەکانی دیکە جیادەکاتەوە. ئەم توانایە رێگەی پێدەدات یاریزانێکی زۆر جیاواز بێت.

دووشەممەی رابردوو دوای تۆمارکردنی 2 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، رایان بوو بە ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ خوار تەمەنی 17 ساڵ و سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا. وەک لاوێک بە ناوی مێسی فۆرمێکی باشی نیشانداوە و وا دیارە داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button