ئیسپانیاگرنگترین

پیکێ: هەرگیز مێسی گرنگی بە گۆڵەکان و دەستکەوتەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەدەدا

یاریگا –

پیکێ لە نوێترین دیمانەکانی لەگەڵ میدیا بەریتانییەکان باسی کێبڕکێی نێوان مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و دەڵێت ‘هەرگیز مێسی گرنگی بە گۆڵەکان و دەستکەوتەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەدەدا’.

جیرارد پیکێ، بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەکانی مانچێستەر یونایتد و بارسێلۆنا، لە دیمانەیەکی لەگەڵ رادیۆی تۆک سپۆرتی بەریتانی لەبارە کێبڕکێی نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەڵێت :’هەرچەندە قسە و باسی رووپەڕی سەرجەم رۆژنامە و گۆڤارەکان و رادیۆ و تیڤییەکان کێبڕکێی نێوان مێسی و کریستیانۆ بوو، بەڵام مێسی گرنگی پێ نەدەدا، ئەو لەو یاریزانانەیە کە تەنیا سەرنجی لەسەر تیپەکەی خۆیەتی، ئەو بەردەوام هەوڵی دەدا لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگ و لالیگا بباتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەکۆتاییدا باڵۆن دۆریش بباتەوە، بەڵام هەرگیز بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر لەپێشینەی ئامانجەکانی نەبوو’.

پیکێ لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی دەڵێت :’من دەرفەتم بۆ رەخسا لە مانچێستەر یونایتد لە پاڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریم کرد، ئەویش یاریزانێکی زۆر باشە و بەردەوام لەسەر خەڵاتە تاکە کەسیییەکان کێبڕکێی مێسی دەکرد، بەڵام من پێموایە مێسی شتێکی جیاوازە، لیۆ لە سەرجەم یاریزانەکانی دیکە جیاوازترە، لەوانەیە لە یارییەکان بیبینن چی دەکات، بەڵام من لە مەشق و راهێنانەکان بەردەوام گیرۆدە دەبووم، شەکەت و ماندوو دەبووم هێندەی بەدوایدا رابکەم’.

پیکێ لە مانچێستەر یونایتد لە پاڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی کردووە و لە بارسێلۆناش لەگەڵ لیۆنێل مێسی یاریی کردووە، کە مێسی و کریستیانۆ بۆ ماوەی 15 ساڵ کێبڕکێی یەکترییان لەسەر بەدەستهێنانی خەڵات و نازناوەکان دەکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button