کوردستان

یاریگاکانی یاری پێش کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێن

ئەمڕۆ لە پێنج شەممە 21\3\2024 یارییەکانی قۆناخی دووەم گەڕی سێیەمی جامی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و هەر دوو یانەی هەندرێن و زاخۆ گەیشتنە یاری پێش کۆتایی.

یانەی زاخۆ لە یاریگای خۆی لە دێڕبی بادینان میوانداری یانەی دهۆکی کرد، لە یاریەکی بەهێز و پڕ گۆڵدا یانەی زاخۆ بە ئەنجامی 3_2 سەرکەوتنی بە دەستهێنا و گەیشتە یاری پێش کۆتایی جامەکە، یانەی ڕانیە لە نێو یاریگا و بەردەم هاندەرانی خۆی بە ئەنجامی 2_1 بە یانەی هەندرێن دۆڕا و ماڵئاوایی لە جامەکە کرد، یانەی هەندرێنیش بە شایستەیی گەیشتە یاری پێش کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان.

لە یاری پێش کۆتایی یانەی زاخۆ بەرامبەر یانەی ئاکرێ یاری دەکات، بە هۆی ئەوەی لە قۆناخی ڕابردوو هەر دوو یانە لە نێو یاریگای خۆیان یاریان کردووە بۆیە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تیروپشک ئەنجامدەدات بۆ دەستنیشانکردنی یاریگای یەکێک لەم دوو یانەیە بۆ ئەوەی یاریەکەی تێدا ئەنجامبدرێت، یانەی هەندرێن لە یاری پێش کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان لە نێو یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی سەید سادق دەبێتەوە، بە هۆی ئەوەی لە گەڕی ڕابردوو یانەی سەید سادق لە یاریگای خۆی یاری کردبوو بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ و هەندرێنیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاری کردبوو بەرامبەر یانەی ڕانیەبۆیە بە پێی یاسای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یاریەکە لە یاریگای یانەی هەندرێن لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

تا ئێستا وادەی هەر دوو یاری پێش کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، بەڵام لە پێشوودا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاندووە کەوا یاری کۆتایی جامەکە لە یاریگای نێو دەوڵەتی زاخۆ دەکرێت.

Back to top button