ئینگلتەراگرنگترین

مانچێستەر دەستی کردووە بە شۆڕشێکی ئەوروپاگیر!

یاریگا –

مانچێستەر یونایتد لە ئێستاوە دەستی کردووە بە شۆڕشێکی بەرفراوان لە ناردنی دۆزەرەوەکانی بۆ لای زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە بۆ گواستنەوەکانی هاوینە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ESPNی ئینگلیزی، مان یو هەریەکە جۆن مۆرتۆ بەڕێوبەری تۆپی پێی یانەکە و مات هارگریڤسی بەڕێوەبەری دانوستانی گرێبەستەکانی تۆپی پێی ناردووە بۆ بارسێلۆنا و لەگەڵ دیکۆی بەڕێوبەری وەرزشی یانە کەتەلۆنییەکە کۆ بوونەتەوە پاش ئەوەی چاویان بە نوێنەرانی ئەتڵەتیکۆ مەدریدیش کەوتبوو.

هەمان سەرچاوە باس لەوە دەکات کە ئەو دوو بەرپرسەی مانچێستەر بڕیارە بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ بەرپرسانی ریاڵ مەدریذیش کۆ ببنەوە. هەروەها یانەکانی ئیتاڵیا و پورتوگالیش لە بەرنامەی سەردانەکانی کاربەدەستەکانی مانچێستەرە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە گەشتەکەیاندا بۆ ئیسپانیا بابەتی مەیسن گرینوودیش باس کراوە کە ئێستا بەخواستن لە خیتافیە و بارسێلۆنا چاوی لە گواستنەوەیەتی بۆ هەمیشە، بەڵام لایەنی ئینگلیزی نرخی ٤٠ ملیۆن پاوەندی خستووەتە سەری.

ئەوەی لە ئێستادا لە پێشینەی گواستنەوەکانی شەیتانە سوورەکاندایە، هەر بەپێی زانیاریەکانی ئی ئێس پی ئێن، کڕینی هێرشبەرێک و یاریزانێکی دڵی بەرگرییە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button