ئیسپانیاگرنگترین

ئەمڕۆ تەمەنی ریال مەدرید دەبێت بە 122 ساڵ

یاریگا –

ریال مەدرید یەکێکە لە سەرکەوتووترین و باشترین یانەکانی مێژووی تۆپی پێ، ئەمڕۆ تەمەنی یانەکە دەبێت بە 122 ساڵ، با بزانین مەدرید چۆن بووەتە یەکێکە لە باشترینەکان و پڕۆفایڵەکەی بخەینەڕوو.

مێژووی دامەزراندنی

هەرچەندە ریال مەدرید بە فەرمی لە ساڵی 1902 دامەزراوە، بەڵام ریال هەڵقووڵاوی یانەی سکای بۆ تۆپی پێیە، ئەو یانەیە لە ساڵی 1897 دامەزرا، بەڵام بەهۆی کێشەی جیاوازەوە، بەشێک لە ئەندامان و یاریزانانی یانەکە، لە 1902 جیابوونەوە و ریال مەدریدیان دامەزراند.

قەڵای مەدرید لە کوێیە؟

سانتیاگۆ بێرنابیۆ قەڵای لۆس بلانکۆسە و دەکەوێتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا. لەو یاریگایەدا هاندەرانی مەدرید کە بە مەدریدێستا بەناوبانگن، کۆدەبنەوە و هانی یانەکەیان دەدەن.

سانتیاگۆ بێرنابیۆ

بۆچی بە ریال دەگورێت، یانەی شاهانە؟

لە ساڵی 1920 پاشا ئاڵفۆنسۆی سێزدەم، رێگەی بە بەکارهێنانی نازناوی شاهانەی بە ریال مەدریددا و لەو ساتەوە بە یانە شاهانەکە بەناوبانگە.

داگیرکردنی ئیسپانیا

ریال مەدرید خاوەنی 35 نازناوی لالیگا، ئەمەش وایکردووە خاوەن زۆرترین نازناوی مێژووی لالیگا بێت.

پاشای ئەوروپا

ریال مەدرید خاوەن 14 نازناوی چامپیۆنزلیگ کە زۆرترینی مێژووە. هەروەها خاوەن ریکۆردێکی ناوازەی دیکەشە، کاتێک سێ جار لەسەریەک بووە پاڵەوان و پاشابوونی خۆی سەلماند.

نازناوی ژمارە 14ی چامپیۆنزلیگ

دروستکردنی گالاکتیکۆس

ریال مەدرید بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی گالاکتیکۆس بەناوبانگە، ئەمە واتای چییە؟ گالاکتیکۆس بریتییە لە کۆکردنەوەی باشترین یاریزانانی جیهان لە مەدرید. سەرەتای دەستپێکردنی ئەم سیاسەتەش بۆ سەرەتای ساڵانی 2000ەکان دەگەڕێتەوە، کاتێک پێرێز هەریەکە لە زینەدین زیدان، رۆناڵدۆ نازاریۆ، دەیڤد بێکهام و لویس فیگۆی لە تیمێکدا کۆکردەوە.

ئەفسانە لەبیر نەکراوەکان

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 450 گۆڵ، باشترین گۆڵکاری مێژوویی ریال مەدریدە و راوول گۆنزالێز بە 741 یاری، خاوەن ریکۆردی زۆرترین یارییە لە مێژووی مەدرید دا.

ئەفسانەی یانەکە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کێ رکابەری تاهەتایەیە؟

ئێل کلاسیکۆ بە پڕبینەرترین یاری سەر رووی زەوی دادەندرێت، کاتێک ریال مەدرید رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، هەموو شتێک دەوەستێت و تەنانەت ئەم رکابەرییە وایکردووە، هەوادارانی وەرزشی بەسەر دوو بەرە دابەش ببێت.

فراوانی بنکەی هەواداران

ریال مەدرید خاوەن بنکەیەکی فراوانی هەوادارانە لە جیهان، سەدان ملیۆن هاندەری هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش، ژمارەیەکی زۆری هەواداری هەیە.

دەستکەوتەکان

35 جار پاڵەوانی لالیگا.
14 جار پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
5 جار پاڵەوانی جامی جیهانی یانەکان.
5 جار پاڵەوانی جامی سوپەری ئەوروپا.
2 جار پاڵەوانی یۆرۆپالیگ.
20 جار پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا.
13 جار پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا.
3 جار پاڵەوان جامی ئینتەرکۆنتیننتال.

بابەتی زیاتر

Back to top button