ئیسپانیا

بێڵینگهام و ناوبژیوانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید سڕ دەکرێن

یاریگا –

بەهۆی رووداوەکانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید هەریەکە لە بێڵینگهام و مانزانۆ بۆ ماوەیەک سڕ دەکرێن و لە یارییەکانی لالیگا دوور دەخرێنەوە.

رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەهۆی بڕیارەکانی لە یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید بۆ ماوەیەک خیل مانزانۆ ناوبژیوانی یارییەکە لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی لالیگا سڕ دەکرێت و لە هەفتەکانی داهاتوو مافی بەڕێوەبردنی هیچ یارییەکی پێ ناسپێردرێت.

لەلایەکی دیکەش، رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە جود بێڵینگهام بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یارییەکەی ڤالێنسیا بەڕوویدا بەرزکرایەوە، بۆ دوو تا سێ یاریی سڕ دەکرێت، پێشبینی دەکرێت بێڵی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، ئۆساسۆنا و ئاتلێتیک بلباو ئامادە نەبێت.

بەهۆی ئەوەی گۆڵێکی بێڵینگهامی رەتکردەوە و پێشوەختە فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، بێڵینگهام دوای فیکەی کۆتایی هێڕشی کردە سەر مانزانۆ و بەگوێرەی راپۆرتی یارییەکە، ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید بە شەڕانگێزی چوو بووە لای ناوبژیوانەکە و پێی گوتبوو ‘چۆن ئەم گۆڵە نەفرەتییەت هەژمار نەکرد’.

بابەتی زیاتر

Back to top button