ئیسپانیاگرنگترین

کاردانەوەکانی رووداوە نامۆیەکە؛ بڕیارەکەی ناوبژیوان بۆ رەتکردنەوەی گۆڵەکەی بێڵینگهام دروست بوو؟

یاریگا –

ره‌تكردنه‌وه‌ی گۆڵه‌كه‌ی جود بێڵینگهام بەرامبەر ڤالێنسیا له‌لایه‌ن خیل مانزانۆی ناوبژیوانی ئیسپانی مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، یاریزانان و هاندەرانی ریال مەدرید بە توندی رەخنە لەو ناوبژیوانە دەگرن.

لە گەڕی بیست و حەفتەمی لالیگا، ریال مەدرید لە دوایین ساتەکان گۆڵی سێێەمی کرد، بەڵام ناوبژیوان چەند چرکەیەک پێش ئەوەی بێڵینگهام گۆڵەکەی بکات، فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا و ئەو گۆڵەی هەژمار نەکرد، مەدریدییەکان دوو خاڵیان لەدەست دا و ناوبژیوان ئەنجامی یارییەکەی 2-2 هەژمارکرد.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەرکەوتووە ناوبژیوان دوودڵ دەبێت لە لێدان یان لێنه‌دانی فیکەی كۆتایی، دواتر بڕیار دەدات یارییەکە کۆتایی پێبهێنێت لەو ساتەدا، برایم دیاز تۆپه‌كه‌ بۆ ناو ناوچه‌ی سزا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ بێلێنگهام گۆڵ تۆمار دەکات.

یاریزانانی ریال مەدرید بە توندی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیارەكه‌ی ناوبژیوان دەربڕی، به‌ دەمارگیرییەوە بەرەو رووی چوون، دیارترینیان لونینی گۆڵپارێز و رودیگەر و لۆکا مۆدریچ و بێلینگهام  بوون، ئەمەش کارتی سووری راستەوخۆی بێلینگهامی لێکەوتەوە.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ناوبژیوانی یارییەکە لە راپۆرتی خۆی لەبارەی یارییەکە رایگەیاندووە ‘بێڵینگهام دوای یارییەکە بە شێوازێکی شەڕانگێزانە لێم نزیکبووەوە و گوتی ئەم گۆڵە نەفرەتییە چی بوو’.

ئیتوراڵدی گۆنزالێز ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانیا دەڵێت: نەدەبوو ناوبژیوان  رێگە بدات كروس تۆپه‌كه‌ بۆ دیاز بنێرێت و یارییه‌كه‌ كۆتایی پێبهێنێت، ئەگەر رێگەی جێبەجێکردنی ده‌ده‌یت، ناتوانیت فیكەی کۆتایی لێبدەیت لەکاتێکدا تۆپه‌كه‌ لە ناوچەی سزادایە.

جەمال شەریف، ناوبژیوانی پێشووی سووری لەبارەی بڕیارەکەی خیل مانزانۆ دەڵێت :’ناوبژیوان زوڵمی لە ریاڵ مەدرید کرد، چونکە 45 چرکە زووتر لە کاتی دیاریکراودا فیکەی کۆتایی لێدا، بەدەر لەوەش نەدەبوو لەوکاتەدا فیکە لێبدات، چونکە تۆپەکە لە ئاسماندا بوو، دەبووایە چاوەڕوانی ئەو هێرشەی بکردایە، یاخود پێش هێرشەکە دەیتوانی فیکەی کۆتایی لێبدات، نەوەک لەکاتێکدا کە تۆپەکە لە هەوادایە و بەرەو گۆڵ دەڕوات’.

بەگوێرەی یاسا، ناوبژیوان مافی ئەوەی هەیە جگە لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانی سزا هەرکاتێک بیەوێت فیكەی کۆتایی لێبدات، بەڵام هەڵەی مانزانۆ ئەوە بوو کە رێگە نەدا بە تەواوبوونی یارییەکه‌.

یانه‌ی ریال مەدرید دوای یارییەکە به‌یاننامه‌یه‌كی ئاگرین لە دژی ناوبژیوان دەركرد و نووسیویه‌تی، بڕیاره‌كه‌ی ناوبژیوان مانزانۆ بێ وێنه‌بوو، یه‌كه‌مجاره‌ به‌حاله‌تێكی له‌م شێوه‌یه‌ گۆڵ ره‌تبكرێته‌وه‌.

بابەتەکە تەنیا به‌یاننامه‌كه‌ی ریال مه‌درید كۆتایی نه‌هات، زۆرێک لە یاریزانانی ریال مەدرید هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوبژیوان.

لونین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی بڵاوکردۆته‌وه‌، کە مانزانۆ نیشان دەدات، هەروەها هێمای چەپڵەی لە تەنیشتی داناوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیاره‌كه‌ی ناوبژیوان.

هەروەها چوامینی لە پلاتفۆرمی ئێكس نووسیویه‌تی ‘چ شەرمەزارییەکە’. کاماڤینگاش بە چەند ئیمۆجییەک گوزارشتی لە کاردانەوەی خۆی کردووە.

ئیبراهیم دیازیش، بە سادەیی ئیمۆجیەکانی داناوه‌ کە ئاماژەیە بۆ سەرسوڕمانی له‌ رووداوه‌ نیشان ده‌دات، ڤینیسیۆسیش دوای یارییەکە ئیمجۆی پێکەنینی داناوە وەکو هێمایەک بۆ بڕیارەکەی ناوبژیوان، ڤینی دوای یارییەکە گوتیشی :’نەمانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنین، چونکە رێگەیان پێنەداین’.

 

دوای یارییەکە محەمەد سەعدون کەواری پێشکەشکاری بەناوبانگی کەناڵی بی ئین سپۆرتس لە ستۆدیۆی شرۆڤەی یارییەکە گوتی :’هاوکارانم کاتی فەوتێنراوی یارییەکەیان هەژمار کردووە، ناوبژیوان حەفت خولەک کاتی زیادکراوی دا، بەهۆی گەڕانەوەی بۆ ڤار لەو حەفت خولەکە دوو خولەک بەفیڕۆ چوو، دەبووایە ناوبژیوان لە خولەکی 99 فیکەی کۆتایی لێبدات، هێشتا 20 چرکە مابوو یارییەکە کۆتایی پێبێت، کەچی ناوبژیوان تەنیا دوای خولەکێک و 38 چرکە فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا’.

بابەتی زیاتر

Back to top button