عێراق

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لەبارەی قسەکانی یونس مەحموود داوای روونکردنەوە دەکات

یاریگا –

یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە روونکردنەوە سەبارەت بە لێدوانەکانی یونس مەحمود لە دژی عەلیرەزا فەغانی، ناوژیوانی ئێرانی، بۆ AFC بنێرێت.

عەلیرەزا فەغانی ناوبژیوانی یارییەکەی هەڵبژاردەکانی عێراق و ئوردن لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا، کاتێک عێراق لە پێش رکابەرەکەیەوە بوو، ئەیمەن حوسێنی لە یارییەکە بە کارتی سوور کردە دەرەوە و ئوردنیش لە ماوەی 5 خولەکدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و هەڵبژاردەی عێراقی لە پاڵەوانەتییەکە دوورخستەوە.

دوای ئەم یارییە، یونس مەحمود، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، داوای لە لێژنەی ناوبژیوانی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا کرد داوای لێبوردن لە گەلی عێراق بکەن و عەلیرەزا فەغانی لە ناوبژیوانانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا دووربخەنەوە.  ئەفسانە عێراقییەکە پێی وابوو بەو هەڵەیەی کە فەغانی بەرامبەر عێراق کردوویەتی، خەونی چل ملیۆن کەس لەناوچووە.

دوای نزیکەی مانگێک لەم یارییە، لیژنەی دیسیپلنی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا نامەیەکی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کرد و رایگەیاند، پێویستە روونکردنەوەی خۆیان لەبارەی لێدوانەکانی یونس مەحمودەوە بنێرن تاوەکوو بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن.

دوێنێ هەینی، یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیاندا رایگەیاند:

پەیامێکمان لە لیژنەی دیسپلینی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا پێگەیشتووە سەبارەت بە لێدوانەکانی جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆنەکەمان دوای یارییەکەی نێوان عێراق و ئوردن لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا و لە ماوەی دوو رۆژدا وەڵامی داواکارییەکەیان دەدەینەوە.

فیدراسیۆنی عێراق هەروەها روونکردنەوەیەکی لەبارەی سکاڵای شێخ سەلمان سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا لە دژی یونس مەحمود دا و رایگەیاند: ئەو هەواڵانەی لە میدیاکان بڵاودەکرێنەوە بێ بنەمان.

یونس مەحمود کە ئێستا جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقە، گۆڵی بردنەوەی عێراقی لە یاری کۆتایی جامی ئاسیای ئاسیا 2007 تۆمارکرد و بە ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق دادەنرێت، ئێستاش دەبێت بزانین لیژنەی دیسپلینی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا سەبارەت بە ناڕەزایەتی تووندی ئەم ئەستێرەیە بەرامبەر بە فاغانی چێ دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button