ئیسپانیا

چاڤی یاریزانەکانی تاقی دەکاتەوە

یاریگا –

دوای ئەوەی شەوی رابردوو بارسێلۆنا بەرامبەر خیتافی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، چاڤی دوو رۆژ پشووی بە یاریزانەکانی دا، بەڵام ئەم مۆڵەتە مەرجی تایبەتی لەگەڵدا بوو.

کاریگەری بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی چاڤی دوای شکستەکەیان بەرامبەر ڤیاریال زۆر ئەرێنی بوو و ئەمەش لە ئەنجامەکانی بارسێلۆنادا بەدیار کەوتووە. شەوی رابردوو خوێندکارەکانی چاڤی توانیان لە یاریگای خۆیان بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ وەڵام لە خیتافی ببەنەوە، ئەمەش باشترین بردنەوەیان بوو لە لالیگا دوای بردنەوەیان بە ئەنجامی 5-0 لە بەرامبەر ریال بیتیس.

بارسا بەشێوەیەکی کاتی بۆ پلەی دووەم سەرکەوتووە و جیاوازی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ 5 خاڵ کەم کردووەتەوە، هەرچەندە ریال یەک یاری کەمتری کردووە.

دوای ئەم یارییە، چاڤی دوو رۆژی پشووی بە یاریزانەکانی دا، بەڵام بە مەرجی تایبەت. ئەمڕۆ یاریزانانی بارسا راهێنانی سوک دەکەن و سبەی پشوو وەردەگرن، بەڵام چاڤی ئاماژەی بەوەکردووە، پشووی سێشەمە بە خواستی یاریزانەکان دەبێت. ئەو خۆی لە کەمپ ئامادە دەبێت و هەر یاریزانێک ئارەزووی راهێنانی هەبێت دەتوانیت بەشداری بکات و ئەگەرنا دەتوانن چێژ لە پشووەکەیان وەربگرن.

پێگەی ئاس سەبارەت بەم بڕیارەی چاڤی نووسیویەتی، ئەمە جۆرێکە لە تەڵەی ئەم راهێنەرە بۆ یاریزانەکانی و دەیەوێت ئاستی پابەندبوون و جددی بوونی یاریزانەکانی تاقی بکاتەوە. بێگومان ئەوانەی رۆژی سێشەممە لە مەشق و راهێنانەکان ئامادە دەبن، دەیسەلمێنن کە چەندە ئارەزووی یاریکردن دەکەن و پاڵنەریان هەیە بۆ مەشق و راهێنانەکان.

یاری داهاتووی بارسا بریارە یەکشەممەی داهاتوو بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو لە سان مامێس بەڕێوە بچێت و سەرکەوتن لەم یارییەدا هیوای بەدەست هێنانی ناسناوی لالیگا بۆ خوێندکارەکانی چاڤی زیاتر دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button