عێراقگرنگترین

وەلی کەریم: لەبەر ئەوەی یانەیەکی جەماوەری نین ناوبژیوانەکان زوڵممان لێدەکەن

یاریگا –

وەلی کەریم دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر قاسم بە توندی رەخنەی لە بڕیارەکانی نابژیوانان گرت و گوتی ‘خولی ئەستێرەکانی عێراق جوان و خۆشە، بەڵام ناوبژیوانەکان تێکیان داوە’.

وەلی کەریم راهێنەری یانەی نەورۆز دوای ئەوەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە قاسمیان بردەوە، لەبارەی یارییەکە گوتی :’پیرۆزبایی لە یاریزانی یانەکەمان دەکەم، ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد و بردنەوەیەکی گرنگ و شایستەیان بەدەستهێنا، بەداخەوە سەرەڕای هەبوونی سیستەمی ڤار لە یارییەکە کە بڕوای زۆرمان پێی هەبوو، ناوبژیوانی یارییەکە چەند هەڵەیەکی کرد، خولێکی جوان و خۆشمان هەیە و خاوەنی یاریگای زۆر باشین، بەڵام بەداخەوە ناوبژیوانەکان کێشەن، بڕیارەکانیان دروست نییە و ئێستا وای لێهاتووە لە هەر یارییەک دوو ناوبژیوان (ناوبژیوانی سەرەکی و ناوبژیوانی ڤار) یارییەکان بەڕێوە دەبەن و بڕیار دەدەن’.

هەروەها راهێنەرەکەی نەورۆز گوتیشی :’لەبەرئەوەی یانەکەمان یەکێک نییە لە یانە جەماوەرییەکان، ناوبژیوانان زوڵممان لێدەکەن، پێویستە ناوبژیوانان خۆیان بڕیار بدەن و تەنیا چاوەڕێی سیستەمی ڤار نەکەن، ناوبژیوانان چاوەڕێی ڤار دەکەن و وەکو ئۆتۆمبێڵێکیان لێهاتووە شوفێرێک لێیانبخوڕێت، ئێمە دەمانەوێت ئاستێکی بەرز و یارییەکی بەچێژ پێشکەش بکەین و لە خولەکە بمێنینەوە، بەڵام ئامانجمانە لەسەر بەدەستهێنانی جامی عێراق رکابەریی بکەین’.

نەورۆز لە گەڕی پازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە دوایین ساتەکان بە لێدانێکی سزا لە قاسمی بردەوە، کە لە یارییەکە ناوبژیوان گۆڵێکی نەورۆزی رەتکردەوە و لە گەڕی پێشتریش یانەکەی سلێمانی رەخنەی توندی لە ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر تەڵەبە گرت، کە چەند بڕیارێکی ‘گوماناوی’ لە یارییەکە دا و بووە هۆی دۆڕانی نەورۆز لە یارییەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button