ئەرشیڤ

خەونەکەی پێرێز بە هاتنی ئێمباپێ دێتە دی

یاریگا –

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر و لە کاتی کردنەوەی سانتاگۆ بێرنابیۆی نوێدا باشترین یاریزانی جیهانی هێنایە ریال مەدرید.

کاتێک فلۆرێنتینۆ پێرێز، پلانی سانتیاگۆ بێرنابیۆی نوێی دانا، ئەوە روون بوو کە لە رۆژی کردنەوەی یاریگاکەدا دەیەوێت تیپێکی خەیاڵی و باشترین یاریزانی جیهانی لە پێکهاتەکەیدا هەبێت.

ئەم ئاماجە چەند ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام ئاهەنگی کردنەوەی یاریگای نوێ لەگەڵ سوپەرستارێک، ئەو ئاواتەیە کە هاندەرانی ریال مەدرید ماوەی حەوت ساڵە خەونی پێوە دەبینن.

باشترین یاریگا لەگەڵ باشترین یاریزانی جیهان

پلانەکان و پێداگری سەرۆک وایکردووە سیناریۆکە رێک لە کاتی تەواو بوونی بێرنابیۆی نوێ و هاتنی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان لە کاتی خۆیدا هەماهەنگی بکرێت. کردنەوەی یاریگا نوێیەکە کە بڕیارە هاوینی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بە ئامادەبوونی کیلیان ئێمباپێ چاوەڕوان دەکرێت زۆرترین ئامادەبوو لە یاریگاکەدا ئامادە ببن و ئاهەنگێکی شاهانە بەڕێوە بچێت.

مارکا لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە، بە ئامادەبوونی ئەو یاریزانە فەرەنسییە لە مەدرید، فلۆرێنتینۆ گەورەترین ئامانجی خۆی بەدیهێنا و جارێکی دیکە ریالی گەیاندەوە لوتکەی جیهانی تۆپی پێ. لەدوای کردنەوەی بێرنابیۆی نوێ و هاتنی ئێمباپێ، سپۆنسەری نوێ بۆ یانەکە زیاد دەکات و بۆنە نوێیەکانی ناو یاریگاکە زیاتر دەبێت کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووری یانەکە.

هەروەها هاتنی ئێمباپێ هاوکاتە لەگەڵ سەقامگیری دارایی یانەکە. ئەو سەقامگیرییەی وایکرد گرێبەستەکە لەگەڵ ئەم یاریزانە فەرەنسییە بەبێ هیچ کێشەیەک تەواو بێت و ئەستێرە فەڕەنسییەکەش درکی بەوە کرد کە لە هیچ حاڵەتێکدا یانەکە تووشی گرفتی دارایی نابێتەوە لە پێدانی مووچە و شایستە داراییەکانی.

ئێمباپێ دەبێتە خاوەن بەرزترین مووچە لە بێرنابیو، بێگوومان ئەمەش نابێتە گرفت لەبەردەم فێلێرێنتینو و یەکیکیترە لە پلانەکانی خۆی چونکە لەدوای لەبەرکردنی درێسی مەدرید لەلایەن ئەستێرە نوێیەکەیەوە، یانەکەی دەگاتە بڕە داهاتێک کە هیچ یانەیەکیتر تاوەکوو ئێستا تا ئەم رادەیە بە هاتنی یاریزانی نوێ سوودی ئابووری بەخۆیەوە نبینیبێت.

بەنرخترین یانەی جیهان

هەروەک کۆمپانیای راوێژکاری دیلۆیت لەم دواییانەدا نوێترین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە داهاتی یانەکان بڵاوکردەوە، ریال پێشەنگی ریزبەندی ئەو یانانەی گرتووە کە وەرزی رابردوو زۆرترین داهاتیان هەبووە.

ریال مەدرید بە داهاتی 831.4 ملیۆن یۆرۆ پلەی یەکەمی گرتووە. ئەمەش لە دوای وەرزی 2017-2018ەوە ئەم ئامارەی بەخۆیەوە نەبینیبوو، مانچێستەر سیتیش سەرەڕای ئەوەی توانی ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات بە کۆکردنەوە 825.9 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لە پلەی دووەمدا جێگیر بوو و بۆ یەکەمجار لە مێژووشدا پاریس سانجێرمان بە 801.8 ملیۆن یۆرۆ بۆ پلەی سێیەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

داهاتی یانەکان لە وەرزی 2022-2023

راستییەک زۆرترین سەرنجی شارەزایانی مارکێتینگی وەرزشی وەرزشی بەلای خۆیدا راکێشاوە، بەهای درێسەکەیە. دوای واژۆکردنی گرێبەستی نێوان ریال مەدرید و ئێچ پی، داهاتی درێسی ریال بۆ سەرووی 200 ملیۆن یۆرۆ بەرزبووەتەوە. ئەمەش بێگومان بەهۆی کۆمپانیای ئەدیداس و هێڵی ئاسمانی ئیمارات و ئێستاش ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە. هیچ تیپێکی وەرزشی دیکە لەو ژمارەیە نزیک نابێتەوە کە ریال مەدرید بەدەستی دەهێنێت، ساڵانە نزیکەی 120 ملیۆن لە ئەدیداس وەک یەکەم سپۆنسەر و 80 ملیۆن لە هێڵی ئاسمانی ئیمارات و نزیکەی 35-40 ملیۆن لە کۆمپانیای ئێچ پی وەردەگرێت.

بە هاتنی ئێمباپێ و کردنەوەی یاریگا نوێیەکە، ریال مەدرید بەنیازە داهاتەکەی بە شێوەیەکی رێژەیی چەند هێندە بکات.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button