گرنگترینمۆندیالی 2026

شێوازی گەیشتنی ئیسپانیا بە فیناڵی مۆندیال، تەنها جارێک لە مێژووی پاڵەوانێتیەکەدا روویداوە

Yariga App

یاریگا –

ئیسپانیا بە شایستەیی هەڵبژاردەی فەڕەنسای تێپەڕاند و خۆی گەیاندە فیناڵی مۆندیالی 2026 دوای بردنەوەیان بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لە تیمەکەی دیدێ دیشا.

گۆڵەکانی ئیسپانیا لە رێگەی میکێل ئۆیارزابال لە خولەکی 22 بە لێدانی سزا و پیدرۆ پۆرۆ لە خولەکی 58 تۆمارکران.

رێگەی ماتادۆرەکان لەم مۆمدیالەدا گوڵرێژ نەبوو. تیمەکەی لویس دی لافۆینتێ لە قۆناخی کۆمەڵەکان ئەم ئەنجامانەیان وەرگرت:

ئیسپانیا – کەیپ ڤێردی (0-0)

ئیسپانیا – سعوودیە (4-0)

ئیسپانیا – ئوروگوای (1-0)

هەڵبژاردەکە لە قۆناخی 32 توانی (3-0) لە نەمسا بباتەوە. لە قۆناخی 16یش بەر پۆرتوگال کەوت و (1-0) براوەبوون. گۆڵەکەی ئونای سیمۆن تا چارەکی کۆتایی بە خاوێنی مایەوە تەنها لەو قۆناخەدا گۆڵیان لێکرا کاتێک (2-1) لە بەلجیکایان بردەوە.

ئەمشەویش بە بەرگرییە پۆڵاییەنەکەیان و بە هەبوونی گۆڵپارێزێکی بەئەزموون توانیان هێڵە هێرشبەرە ترسناکەکەی فەڕەنسییەکان بوەستێنن کە هەرسێ یاریزانی سوپەر کیلیان ئێمباپێ، عوسمان دێمبێلی و مایکڵ ئۆلیس پێکهاتبوون.

بەدرێژایی مێژووی پاڵەوانێتیەکە کە تا ئێستا 23 وەشانە، تەنها یەک جار روویداوە هەڵبژاردەیەک تا فیناڵ تەنها گۆڵێکی لێبکرێت. ئەو جارەش ئیتاڵیای مۆندیالی 2006 بوو کە بوونە پاڵەوان. لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئەمریکا گۆڵێکی لێکردن و لە فیناڵیشدا دوای یەکسانبوونیان 1-1 بەرامبەر فەڕەنسا، جامەکەیان بەرزکردەوە و ئەستێرەی چوارەمیان خستەسەر درێسەکانیان. (تێبینی: هەردوو ئەو گۆڵەی لەو پاڵەوانێتیەی لێیان تۆمارکرا لە یاریی کراوەدا نەبوو، بەڵکوو بە لێدانی سزابوو).

بە بردنەوەکەی ئەمشەوی ئیسپانیا، لەو 7 یارییەی ئەنجامیانداوە تەنها یەک گۆڵیان لێ تۆمارکراوە. بەوەش هاوشانی ئیتاڵیا تاکە دوو هەڵبژاردەن لە مێژووی مۆندیالدا ئەو تۆمارەیان هەبێت.

ئیسپانیا کە پاڵەوانی مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفریقایە، چاوەڕێی براوەی نێوان ئەرجەنتین و ئینگلتەرا دەکەن بۆ ئەوەی ئەستێرەی دووەم بخەنەسەر درێسەکانیان.

بابەتی زیاتر

Back to top button