ئینگلتەراگرنگترین

لیڤەرپوول لە تواناکانی چەند یاریزان بێبەش دەبێت؟

یۆرگن کڵۆپ کێشەی گەورەی لەگەڵ یاریزانانی پێکراودا هەیە

یاریگا –

مەینەتییەکانی لیڤەرپوول بەر لە یاری کۆتایی جامی کاراباو لە بەرامبەر چێڵسی زیاد بوون.

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپوول ناچارە گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەکەیدا بکات، دوای تووشبوونی هەریەکە لە کورتیس جۆنز و دیێگۆ جۆتا بە پێکان. هەردوو یاریزانەکە لە یاری رابردووی رێدز لە پرێمەرلیگ بەرامبەر برێنتفۆرد تووشی پێکان بوون، هەرچەندە پیاوانی کڵۆپ بە ئەنجامی 1-4 یارییەکەیان بردەوە.

رۆژنامەی ریکۆرد بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت جۆتا بۆ ماوەی دوو مانگ دووربکەوێتەوە، هەروەها داروین نونێز، ئازاری هەیە، بەڵام رەنگە بەشداری لە یاری داهاتوودا بکات.

پێشبینی دەکرێت، ئالیسۆن بەیکەر، بەهۆی پێکانی ران بەشداری یاری کۆتایی جامی کاراباو نەکات، هەرچەندە کڵۆپ رایگەیاند، متمانەیەکی زۆری بە کاومین کێڵێهەر، گۆڵپارێزی ئایرلاندی و دووەمی تیمەکەی هەیە.

سبەی چوارشەممە، لیڤەرپوول بەرامبەر لوتن تاون یاری دەکات و هەوڵی فراوانکردنی جیاوازیی خاڵ لەگەڵ رکابەرەکان دەدات. بەشداری نەکردنی جۆتا کێشەی زۆر بۆ کڵۆپ دروست دەکات، چونکە لەم وەرزەدا 14 گۆڵی کردووە و پێنج گۆڵی لەو یارییانەدا کردووە، کە محەمەد سەڵاح بەشداری تێدا نەکردووە.

بۆ یارییەکەی سبەی، لیڤەرپوول لە تواناکانی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدیش بێبەش دەبێت و دوای یارییەکە بڕیار لە بەشداریکردنی لە یاری کۆتایی جامی کاراباو دەدرێت.

تاوەکو ئێستا بەشداریکردنی دۆمینیک سۆبۆسلای بۆ یارییەکەی سبەی یەکلایی نەبووەتەوە و تیاگۆ ئالکانتاراش تاوەکو کۆتایی وەرز دادەبڕێت.

هەفتەی داهاتوو، لیڤەرپوول لە قۆناخی پێنجەمی جامی FA بەرامبەر ساوسامتن یاری دەکات، پاشان لە دووی مارس/ئادار گەشتی نۆتینگهام فۆرێست دەکات و هەفتەی دوای ئەو یارییەش، میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button