ئیسپانیا

رووداوێکی نەژادپەرستانە لە ئیسپانیا؛ لەبەر ئەوەی راهێنەرێک بە زمانی کەتەلۆنی قسەی کردووە ناوبژیوان دەریکردووە

یاریگا –

لە ئیسپانیا لە رووداوێکی نەژادپەرستانەدا، لەبەر ئەوەی راهێنەرێک بە زمانی کەتەلۆنی قسەی کردووە، ناوبژیوانی یارییەکە بە کارتی سوور دەریکردووە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە یارییەکی خولی لاوان لە ئیسپانیا ناوبژیوانێک راهێنەرێکی بە کارتی سوور کردووەتە دەرەوە، چونکە راهێنەرەکە بە زمانی کەتەلۆنی قسەی کردووە، ناوبژیوانەکە لە راپۆرتەکەیدا لەبارەی هۆکاری کردنە دەرەوەی راهێنەری یانەی ئیسپۆرتیفا بترا نووسیویەتی :’من داوام لە راهێنەری یانەی ئیسپۆرتیفا بترا کرد بە زمانی کەتەلۆنی قسەم لەگەڵ نەکات و تەنیا بە زمانی ئیسپانی قسە بکات، چونکە ئەو لە مایۆرکایە و مایۆرکاش بەشێکە لە ئیسپانیا’.

راهێنەری یانەی ئیسپۆرتیفا بترای ئیسپانی تۆمەتەکانی ناوبژیوانەکەی رەتکردووەتەوە و لە راپۆرتێکیدا کە ئاڕاستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی کردووە، رایگەیاندووە :’راهێنەری یانەکەمان بە هیچ شێوەیەک بێڕێزی و سووکایەتی بە ناوبژیوانی یارییەکە نەکردووە، بەڵکو تەنیا لەبەر ئەوەی بە زمانی کەتەلۆنی قسەی کردووە، ئەو ناوبژیوانە بە کارتی سوور کردوویەتییە دەرەوە، تەنانەت بەهیچ شێوەیەک ناوبژیوانەکە داوای لە راهێنەرەکەمان نەکردووە بە زمانی ئیسپانی قسە بکات’.

کەتەلۆنییەکان بە زمانێکی جیاواز لە ئیسپانییەکان قسە دەکەن و مانگی ئۆکتۆبەری 2017 ریفراندۆمیان لەپێناوی سەربەخۆیی ئەنجام دا و %92ـی کەتەلۆنییەکان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵام لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە رێگریان لێکرا سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن، یانەی بارسێلۆنا کە کەوتووەتە کەتەلۆنیا هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات لەلایەن مەدریدییەکانەوە زوڵمی لێدەکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button