ئینگلتەراگرنگترین

گفتوگۆ لەگەڵ هالاند؛ بە مێسی و رۆناڵدۆ سەرسامم و کەبابخۆرم !

لە پۆدکاستێکی تایبەتدا؛ هالاند باسی ژیانی تایبەتی خۆی و یاریزانە دڵخوازەکانی دەکات

یاریگا –

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستێکی تایبەتی کەناڵی مانچێستەر سیتی، کۆمەڵێک نهێنی ئاشکرا کرد.

هالاند، لە هاوینی ساڵی 2022 لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد، لە کۆی 52 یاری کردووە و 50 گۆڵی کردووە.

هالاند لە دەستپێکی پۆدکاستەکەدا باسی باوکی دەکات و دەڵێت، هاوڕێیەکی نزیکییەتی

باوکم وەک هاوڕێیە لەگەڵم و دوو هاوڕێی باشین، لە زۆر بابەتدا یارمەتی داوم و بە هاوکارییەکانی دڵخۆشم، شتێکی زۆر خۆشە، باوکت لەو کارە تێبگات کە دەیکەیت، جا ئەو زۆر لە یارییەکە دەزانێت و نکۆڵی لە هەندێ بابەتی دیکەش ناکەم، رەنگە لە رابردوودا هەندێ هەڵەی کردبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە هەڵەکان فێربیت. زۆر دڵخۆشم کە باوکم بەردەوام لەگەڵمدایە.

لە پۆدکاستەکەدا پرسیاری شێواز و جۆری خواردنی لێدەکەن، هالاند زۆر بە راشکاوانە دەڵێت، زۆر حەزم لە خواردنە

راستە خواردن زۆر خۆشە و حەزم بە خواردنە، بەڵام زیاتری خواردنی باش دەخۆم، واتە خواردنی ئۆرگانیک دەخۆم، بەڵام نایشارمەوە، لەو رۆژانەی کە خۆم لە بەرنامەی توندوتۆڵی خواردن دەدزمەوە، کەباب و پیتزا دەخۆم، بەڕاستی زۆر حەزم لە کەبابە. بە گشتی زۆر حەزم لە خواردنە و زۆر خواردن دەخۆم، بەڵام خواردنی تەندروست. زۆرجار لەگەڵ براکەم کەباب دەکڕین و تا تێر دەبین کەباب دەخۆین، کەباب زۆر خۆشە.

ئەستێرە نەرویجییەکە باشترین پێکهاتەی یاری پێنج یاریزانی دەستنیشان دەکات، بەڵام مەرجەکە ئەوەیە، هیچ یاریزانێکی مانچێستەر سیتی تێدا نەبێت

پێم وایە دەبێ چەند یاریزانێکی بەرازیلی بۆ ئەم پێکهاتەیە هەڵبژێرم، سەرەتا رۆناڵدینیۆ، دواتر مێسی و کریستیانۆ دەخەمە تیمەکە و ماڵدینی وەک بەرگریکار. حەز دەکەم ئێدەرسن بۆ گۆڵپارێز هەڵبژێرم، چونکە لە یارییەکی پێنج یاریزانیدا، ئەگەر شووت بکات، دەتوانێت زۆر گۆڵ بکات (بە پێکەنینەوە). بەڵام من کاسیاس هەڵدەبژێرم.

لە پۆدکاستەکەدا، پێشکەشکار پرسیاری چەند هاندەرێکی مانچێستەر سیتی لە پلاتفۆرمە جیاوازەکان کۆکردەوە و ئاراستەی هالاندیان کرد، یەکێک لە پرسیارەکان بریتی بوو لە؛ بە کام وەرزشوانی یارییەکانی دیکە سەرسامە؟ هەروەها پرسیاری دڵخوازترین یاریگای لێدەکرێت، جگە لە ئیتیحاد

من بە (نۆڤاک) جۆکۆڤیچ سەرسامم، خاوەنی چەندین دەستکەوتە و لە هەمووی گرنگتر خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی.
سیگنال ئیدونا پارک (یاریگای بۆڕووسیا دۆرتموند) دڵخوازترین یاریگایە بەلای منەوە.

لەم وەرزەدا هالاند 14 گۆڵی لە پرێمەرلیگ کردووە و هاوشانی محەمەد سەڵاح، یاریزانی لیڤەرپوول پێشەنگی گۆڵکارانی پرێمەرلیگن.

مانچێستەر سیتی بە کۆکردنەوەی 49 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیدا دێت و یارییەکی کەمتر لە لیڤەرپوول کردووە. شەممە کاتژمێر 15:30 یاری داهاتووی پیاوانی پێپ گواردیۆلایە لە یاریگای ئیتیحاد لە بەرامبەر ئێڤەرتن.

بابەتی زیاتر

Back to top button