کوردستان

چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش؛ ئەو یاریزانەی بە نەخۆشییەوە گۆڵی بردنەوەی بۆ سەیدسادق کرد

یاریگا –

یاریزانێکی سەیدسادق گەرچی بەهۆی نەخۆشییەوە دوو رۆژ لە راهێنانەکانی یانەکەی دابڕابوو، کەچی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر سۆران گۆڵی بردنەوەی بۆ سەیدسادق کرد.

نەجمەدین عوسمان یاریزانی یانەی سەیدسادق بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، نەیتوانی لە رۆژی یەکشەممەوە بەشداریی مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ بوو لە راهێنانەکانی یانەکەی دابڕابوو، دوێنێ سێشەممە بەرامبەر سۆران یاریی کرد و لە خولەکی 82 گۆڵی بردنەوەی کرد.

نەجمەدین عوسمان لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگا راگەیاند :’رۆژی یەکشەممە بەهۆی ئازاری گورچیلەوە نەمتوانی مەشق و راهێنان بکەم، لە شاری سۆران بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە نەخۆشخانەی ئاشتی خەوێنرام، پزیشکەکان پێیان گوتم بەردی گورچیلەم هەیە، سەرەڕای نەخۆشییەکەم و باری تەندروستیم، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی یانەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت سوور بووم لەسەر ئەوەی یاریی بکەم، دڵخۆشم بەوەی توانیم گۆڵی بردنەوە بکەم و ئەم گۆڵەش پێشکەشی هاندەرانی سەیدسادق دەکەم’.

لە گەرێ هەژدەمی خولی نایابی کوردستان، سەیدسادق لە یاریگای شەقڵاوە 4-3 لە سۆرانی میوانداریی بردەوە، کە نەجمەدین عوسمان لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە گۆڵی سەرکەوتنی بۆ یانەکەی کرد و سێ خاڵی یارییەکەیان بەدەستهێنا.

سەیدسادق بەو بردنەوەیەی بەرامبەر سۆران بەدەستیهێنا، چەند پلەیەک هاتە پێشەوە و لە پلەی سێزدەمی خولی نایابی کوردستان بووە خاوەنی 19 خاڵ.

بابەتی زیاتر

Back to top button