ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

بەرگریکارێکی پاریس سانجێرمان نهێنییەکانی داهاتووی ئێمباپێ لە ژووری جلگۆڕین ئاشکرا دەکات

''باسکردنی داهاتووی ئێمباپێ قەدەخەیە''

یاریگا –

بابەتی چارەنووسی کیلیان ئێمباپێ هاندەرانی پاریس سانجێرمانی هەراسان کردووە، بەڵام یاریزانانی یانە پاریسییەکە بەهیچ جۆرێک ناتوانن باسی بکەن.

لوکاس هێرناندێز، بەرگریکاری سانجێرمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی RTL روونیکردووەتەوە، باسکردنی بابەتی داهاتووی ئێمباپێ لە ژووری جلگۆڕینی یانەکە تابووە (قەدەخەکراوە) و نابێ هیچ کەسێک باسی بکات.

بابەتی ئێمباپێ قسەی زۆر هەڵدەگرێت و هەموو کەسێک رای خۆی لەسەر بابەتەکە دەڵێت، بەڵام ئەمە لە ژووری جلگۆڕینی پاریس رێگەپێدراو نییە. هێرناندێز دەڵێت

ئەوەی بیزانین، هێشتا چاوەڕوانی زۆر ماوە، بەڵام ئێمە بەردەوام هەوڵدەدەین خۆمان لەبابەتەکە بدزینەوە باسی نەکەین، نامانەوێت کیلیان زیز بکەین و دەتوانم بڵێم بابەتەکە قەدەخەکراوە، دەتوانیت پرسیاری داهاتووەکەی لە خۆی بکەیت و ئەو (ئێمباپێ) باشترین وەڵامت دەداتەوە. پێم وایە هەر بڕیارێک بدات، بڕیارێکی دروست دەبێت و هیوادارم لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی زۆربەی میدیاکان بێت لە نێویاندا رۆژنامەی لۆ پاریزیان، پاڵەوانی مۆندیالی 2018 بڕیاری کۆتاییداوە و لە کۆتایی ئەم وەرزە پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات، بەڵام دوێنێ سێشەممە، جیڕۆم رۆتین، کەسایەتی نزیک لە ئێمباپێ دووپاتیکردەوە، تاوەکو ئێستا کیلیان بڕیاری نەداوە پەیوەندی بە کام یانەوە دەکات.

جیا لەمەش، راوێژکارێکی پاریس سانجێرمان دوو رۆژ لەمەوبەر رۆیشتنی ئێمباپێی راگەیاند، لاورا بولۆ، یاریزانی پێشووی خانمانی پاریس سانجێرمان و راوێژکار لە یانە پاریسییەکە بە کەناڵ+ی راگەیاند؛

ئەو زانیاریانەی بەر گوێم کەوتوون دڵخۆشکەر نین، پێم وایە کیلیان ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی داوە و دەرفەتی پەشیمان بوونەوەی نییە. لە هەڵوێستی کیلیان تێدەگەم، هەرچەندە ناتوانێت باسی هیچ شتێک بکات. ئامانجی گەورەی هەیە و دەیەوێت کاری بۆ بکات، سەرباری ئەمەش، یانەکەی زۆر خۆشدەوێت. با چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی کیلیان بکەین.

کیلیان لە هاوینی 2018 بە بڕی 180 ملیۆن یۆرۆ لە مۆناکۆی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە پاریس کرد، بە درێسی یانەکە ئێستای لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 288 یاری کردووە، 241 گۆڵی کردووە و 105 گۆڵی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button