هاوڕێیەکی نزیکی ئێمباپێ هەموو شتێک ئاشکرا دەکات
تاوەکو ئێستا ئێمباپێ هیچ بڕیارێکی نەداوە

یاریگا –
جیڕۆم رۆتین، ئەستێرەی پێشووی فەرەنسی نوێترین زانیارییەکان لەبارەی داهاتووی کیلیان ئێمباپێ ئاشکرا دەکات.
رۆتین پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئێمباپێ هەیە و لە پۆدکاستی تایبەتی خۆیدا، چەندین نهێنێی نوێی لەبارەی ئەگەرەکانی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید ئاشکرا کرد.
لە هاوینی رابردووەوە، بەردەوام باس لە گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەکرێت، تەنانەت رۆژنامەی لۆ پاریزیان-ی نزیک لە پاریس سانجێرمان، چەند رۆژێک لەمەوبەر باسی لە تەواوبوونی چیرۆکەکە کرد و رایگەیاند، هاوینی داهاتوو، کیلیان دەچێتە مەدرید.
بەڵام رۆتین زانیاری نوێی لایە و لە پۆدکاستەکەیدا کە لە رادیۆی مۆنتی کارلۆ RMC پێشکەشی دەکات، گوتی
تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەکی هەڵنەبژاردووە، من هەرگیز هەڵە نەبووم و زانیارییەکانم دروست و پشڕاستکراون، کیلیان ئێمباپێ بڕیاری نەداوە پەیوەندی بە کام یانەیەوە دەکات.
😅 “Écoute-moi, moi. C’est l’info de JR25 et il ne se trompe jamais”
Selon @RothenJerome, Mbappé n’a pas fait son choix. pic.twitter.com/asWBxdgraP
— Rothen s’enflamme (@Rothensenflamme) February 5, 2024
سەرەڕای مشتومڕەکان، پاریس سانجێرمان تاوەکو ئێستا بێهیوا نەبووە و هەموو هەوڵێک بۆ رازیکردنی ئێمباپێ بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدات.
دوێنی دووشەممە،راوێژکارێکی پاریس سانجێرمان کۆتایی بە دوودڵییەکان هێنا و رۆیشتنی ئێمباپێی راگەیاند. لاورا بولۆ، یاریزانی پێشووی خانمانی پاریس سانجێرمان و راوێژکار لە یانە پاریسییەکە بە کەناڵ+ی راگەیاندووە؛
ئەو زانیاریانەی بەر گوێم کەوتوون دڵخۆشکەر نین، پێم وایە کیلیان ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی داوە و دەرفەتی پەشیمان بوونەوەی نییە. لە هەڵوێستی کیلیان تێدەگەم، هەرچەندە ناتوانێت باسی هیچ شتێک بکات. ئامانجی گەورەی هەیە و دەیەوێت کاری بۆ بکات، سەرباری ئەمەش، یانەکەی زۆر خۆشدەوێت. با چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی کیلیان بکەین.
لەلایەکی دیکە رۆژنامەی ئیندیپێندێنت-ی بەریتانی راپۆرتێکی لەسەر ئەگەرەکانی بەردەوام کیلیان ئێمباپێ بڵاوکردووەتەوە.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی جیاواز روونیکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا ریال مەدرید نەیتوانیوە پاکێجێکی مووچە بە دڵی ئێمباپێ ئامادە بکات، رەنگە ئەمەش کاتی زیاتری پێویست بێت، بۆیە ئێستا ئێمباپێ هەڵسەنگاندن بۆ گرنگیپێدانی لەلایەن لیڤەرپوول و ئارسیناڵ دەکاتەوە، وەک پلانی دووەم.
ریال مەدرید لە 10 ساڵی رابردوودا، سیاسەتێکی نوێی پەیڕەو کردووە و نایەوێت پارەی زۆر لە گواستنەوەی یاریزانان خەرج بکات. بۆیە سنوورەکانی مووچە لە مەدرید، رەنگە کێشە بۆ گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە دروست بکات.
کیلیان لە هاوینی 2018 بە بڕی 180 ملیۆن یۆرۆ لە مۆناکۆی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە پاریس کرد، بە درێسی یانەکە ئێستای لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 288 یاری کردووە، 241 گۆڵی کردووە و 105 گۆڵی درووستکردووە.