ئارسیناڵ لێکۆڵینەوە دەکات؛ ڤینیسیۆس بۆ یانەیەکی دیکەی پرێمەرلیگیش پێشنیاز کراوە
تاوەکوو ئێستا گرێبەستەکەی نوێ نەکردووەتەوە

یاریگا –
یانە لەندەنییەکە بژاردەی هێنانی ئەستێرە بەڕازیلییەکە تاوتوێ دەکات، لە کاتێکدا دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید وەستاون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیڤد ئۆرنشتاین و گەنەربڵۆگ، یانەی ئارسیناڵ لێکۆڵینەوە لە مامەڵەی گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکات. ئەو مامەڵەیە وەکوو بژاردەیەکی گونجاو سەیر دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی تاوەکوو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش نەکراوە.
ئارسیناڵ ئامادەیە بەگوێرەی دەرفەتەکە هەڵسوکەوت بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەنیا یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید ماوەتەوە. سەرەڕای بوونی هەندێک وشیاریی بەهۆی گۆڕانکاری و بڕیارەکانی نێو یانە مەدریدییەکە، بەڵام ئارسیناڵ ئامادەیە دانوستانەکان دەست پێ بکات ئەگەر پاڵنەرێکی لەلایەن یاریزانەکەوە پێ بگات.
ڤینیسیۆس هێشتا گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ نەکردووە و ئەگەر هیچ پێشچوونێک بەدی نەیەت، فرۆشتنی لەم هاوینەدا لەلایەن ریال مەدریدەوە بەدوور نازانرێت. دانوستانە پچڕپچڕەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامن و لە هەندێک کاتدا درێژکردنەوەکەی نزیک بووەوە، بەڵام یاریزانەکە دوای کێشەکانی لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ دانوستانەکانی وەستاند و لەو کاتەوە هیچ رێککەوتنێک بەدەست نەهاتووە.

ئاژانسی (راک نەیشن) نوێنەرایەتیی کارەکانی هەردوو یاریزان ڤینیسیۆس و یان دیۆماندێ دەکات.
هەروەها ئاشکرا بووە کە ڤینیسیۆس لەلایەن دەوروبەری یاریزانەکەوە بۆ لیڤەرپوولیش پێشنیار کرابوو، بەڵام هیچ بەشداریکردن یان گفتوگۆیەکی واتادار لەلایەن یانەکەوە رووی نەدا. لەبری ئەوە، لیڤەرپوول تەواوی سەرنجی خستووەتە سەر بەهێزکردنی باڵی راستی هێرشبەر.
لە لایەکی دیکەشەوە، کەسایەتییە سەرەکییەکانی وەرزشی سعوودیەش خەون بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ڤینیسیۆس دەبینن و وا بیر دەکرێتەوە یانەی ئەهلی لە ریزدا بێت ئەگەر یاریزانە بەڕازیلییەکە ئامادەییی خۆی بۆ گواستنەوەکە نیشان بدات. ساڵی رابردوو گرێبەستێکی پێنج ساڵە بە بڕی یەک ملیار یۆرۆ بۆ یاریزانەکە پێشنیاز کرابوو.
🚨 Arsenal are exploring a deal for Vinicius Jr, as @David_Ornstein and @gunnerblog called.
Viewed as viable option, although no bid yet. #AFC prepared to be opportunistic given Vinicius Jr currently has one year left on his deal. Some caution given all the moving parts at Real,… pic.twitter.com/xhmKxYlKBo
— Ben Jacobs (@JacobsBen) July 25, 2026



