ئیسپانیاگرنگترین

کریستیانۆ رۆناڵدۆ چۆن پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد؟ کێ هۆکار بوو؟

بەرپرسێکی باڵای پێشووی مانچێستەر یونایتد نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات

یاریگا –

14 ساڵ پێش ئێستا، مانچێستەر یونایتد توانی ریال مەدرید ناچار بکات، پارەیەکی خەیاڵی بۆ گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەرج بکات.

دەیڤد جیڵ، بەڕێوەبەری پێشووی جێبەجێکاری مانچێستەر یونایتد چەند نهێنییەکی لەبارەی گواستنەوەی رۆناڵدۆ لە سپۆرتینگەوە بۆ مانچێستەر یونایتدو و دواتریش بۆ ریال مەدرید ئاشکرا کرد.

ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی ساڵی 2003 پەیوەندی بە مانچێستەرەوە کرد، ئەوکاتە زۆر کەس گوێی لە ناوی رۆناڵدۆ نەببوو، بەڵام دواتر بووە یەکێک لە باشترینەکانی مێژووی یارییەکە.

لە ماوەی شەش ساڵدا، رۆناڵدۆ پێنج پرێمەرلیگ، دوو جامی خول، جامێکی FA و چامپیۆنزلیگێک و جامی جیهانی یانەکانی بردەوە.

لەسەر ئاستی کەسی، رۆناڵدۆ 118 گۆڵ و 59 ئەسیستی لەگەڵ یونایتد هەبوو، یەکەم باڵۆندۆریشی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان بەدەستهێنا.

دەیڤد جیڵ، بۆ ماوەی 10 ساڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانچێستەر یونایتد بوو، لە نزیکەوە رۆناڵدۆ دەناسی. لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ڤایب وس فایڤ – Vibe with Five-ی ریۆ فێردیناند، جیڵ باسی نهێنییەکانی پشت گواستنەوەی رۆناڵدۆی کرد

بەر لە یارییەکەمان بەرامبەر سپۆرتینگ، هەرگیز گوێمان لە ناوی رۆناڵدۆ نەببوو، بەڵام ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش کرد، بۆیە زوو گرێبەستمان لەگەڵدا واژۆ کرد. یەکەم یاری بەرامبەر بۆڵتن (ئابی 2003) بوو، توانی ئاستێکی زۆر باش پێشکەش بکات، خۆرخێ مێندێس، بەڕێوەبەری کارەکانی، لە یارییەکە ئامادە بوو، دەتوانم بڵێم، مێندێس زۆر باشی مامەڵەی لەگەڵ کەیسەکانی رۆناڵدۆدا کردووە و رۆڵێکی زۆر باشی گێڕاوە.

جیڵ باسی چەندین وردەکاری دیکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ مان یونایتد کرد

رۆناڵدۆ بەلای ئێمەوە زۆر سەرسووڕهێنەر بوو، ئەوەی لە یەکەم وەرزدا کردی، زۆر پێشبینی نەکراو بوو، توانی جامی FA بەدەستبهێنێت، بۆیە زوو لەگەڵ مێندێس کۆبووینەوە و باسی نوێکردنەوەی گرێبەستمان کرد. خۆرخێ بریکارێکی زۆر باش بوو بۆ رۆناڵدۆ، بە باشی ئیدارەی کریسیدا و توانی بە باشترین شێوە بیگوازێتەوە ریال مەدرید.

لە بارەی چۆنیەتی پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید، جیڵ دەڵێت

بیرمە، لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ (2008) لە مۆسکۆ بووین، زۆر رۆژنامەنووس لەپێش دەرگای هۆتێل وەستابوون و باسی داهاتووی رۆناڵدۆیان دەکرد، چونکە دەنگۆی زۆر لەبارەی چارەنووسی بڵاوببووەوە. بە کورتی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رێککەوتین، بەڵام بڕگەیەکمان لە گرێبەستەکەی زیاد کرد، ئەگەر هەر یانەیەک دوای ساڵێک بڕی 80 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی رۆناڵدۆ خەرج بکات، ئەوا مانچێستەر یونایتد دەستبەرداری دەبێت.

جیڵ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ ریۆ فێردیناند، هۆکارەکانی چوونە دەرەوەی رۆناڵدۆی ئاشکرا کرد

دەمانزانی بڕگەی گرێبەستەکە کاری پێدەکرێت، چونکە بەردەوام ناوی ریال مەدرید دەهێندرا و لە نێو خۆماندا باسمان کرد، رۆژێک دێت و رۆناڵدۆ هەر پەیوەندی بە مەدریدەوە دەکات. دوای دۆڕانی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە بەرامبەر بارسێلۆنا (چامپیۆنزلیگی 2009)، قسەم لەگەڵ خۆرخێ مێندێس و راوێژکاری یاسایی رۆناڵدۆ کرد، هەموومان کۆکبووین لەسەر چالاک کردنی بڕگەی دەستبەرداربوون لە رۆناڵدۆ بەرامبەر 80 ملیۆن پاوەند.

رۆناڵدۆ 9 ساڵ یاری بۆ ریال مەدرید کرد و 311 گۆڵی لە 292 یاریدا لەگەڵ لۆس بلانکۆسدا کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button