ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بۆچی و کەی کڵۆپ بڕیاری وازهێنانیدا؟ قسە لەگەڵ کام راهێنەر کراوە؟

لیڤەرپوول شۆڕشێکی گەورەی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کڵۆپ دەستپێکردووە

یاریگا و ئاتلێتیک –

لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، مایک گۆردن، سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی سپۆرتس، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت.

دەنگە پڕ لە هەست و سۆزەکەی یورگن کڵۆپ، بەر گوێی گۆردن کەوت. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسیان لە وەشانی نوێی لیڤەرپوول نەکرا، دوای گواستنەوە جیاوازەکانی هاوینی رابردوو. بەڵکو کڵۆپ بە راشکاوی باسی دۆخی خۆی کرد و بڕیاری کۆتایی هێنانی کاروانەکەی لە لیڤەرپوول، بە گۆردن گەیاند. کڵۆپ پێی گوت، ئیتر وزەی بەردەوام بوونم پێنەماوە.

لە ئەپریل/نیسانی ساڵی 2022 کاتێک کڵۆپ بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 2026 رازی بوو، ئەمە خۆشترین هەواڵ بوو بۆ فێنوەی سپۆرتس گروپ، چونکە ئەمە درێژەپێدەری پڕۆژە گەورەکەی ئەمریکییەکانە لە لیڤەرپوول.

بڕیاری وازهێنانی پەیوەندی بە پارەوە نییە، یاخود پەیوەندی بە دۆزینەوەی کارێکی دیکە نییە، بەڵکو تەنیا پەیوەندی بە وەرگرتنی پشووێکی درێژە، بەڕاستی ئەم گورزەش بۆ خاوەنانی یانەکە بە ئازارە، بەڵام سەرباری هەموو شتێک، خاوەنانی یانەکە رێزیان لە بڕیاری کڵۆپ گرتووە.

لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی رابردووەوە، لیڤەرپوول کاتێکی تەواوی بە کڵۆپ بەخشی، تاوەکو بە تەواوی بیر لە بڕیارەکەی بکاتەوە، بەڵام هەڵوێستی کڵۆپ نەگۆڕ بوو، ئێستا هەموو شتێکی یەکلاییکردەوە و لیڤەرپوولی خستە دۆخێکی نەخوازراوەوە.

تاکە خەمی کڵۆپ ئەوەبوو، هاندەران و یاریزانان لە زاری خۆیەوە بڕیارەکە ببیستن، نەوەک ببێتە بابەتی میدیاکان، ئینجا هاندەران بە بڕیارەکە بزانن، بۆیە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی لیڤەرپوولدا تەواوی وردەکارییەکانی خستەڕوو.

یورگن کڵۆپ
یورگن کڵۆپ لەگەڵ مایکڵ ئێدواردس، بەڕێوەبەری پێشووی وەرزشی (چەپ) و مایک گۆردن، سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی سپۆرتس (راست)

کڵۆپ دانی بەوەنا، بازنە بچووکەکەی دەوروبەری واتە خێزانەکەی، پێویستیان بە کاتی زیاتر بوو، تاوەکو بتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین. کێشە تەنیا لە رۆیشتنی کڵۆپ نییە، بەڵکو لە رۆیشتنی تەواوی ستافەکەی راهێنەرە ئەڵمانییەکەیە.

ئەنجامە خراپەکانی وەرزی رابردوو، کە وایکرد لیڤەرپوول لە پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگدا بێت، رەنگە کاریگەری لەسەر کڵۆپ دروستکردبێت، سەرباری ئەمەش کڵۆپ ئۆفەری یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیای بۆ سەرکردایەتیکردنی مانشافت لە یۆرۆی 2024 رەتکردەوە. ئەمە لە مانگی سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوو روویدا، هێشتا کڵۆپ هیچ بڕیارێکی نەدابوو و تاکە ئامانجی، گەڕاندنەوەی لیڤەرپوول بوو بۆ سەر رێچکە دروستەکەی.

کڵۆپ کاتژمێری 10:30ی رۆژی هەینی 26ی یەنایەر/کانوونی دووەم، لە سەنتەری AXAی تایبەت بە راهێنانەکانی لیڤەرپوول، لە نهۆنی دووەم لەگەڵ ستافی راهێنەران کۆبووەوە، دواتر لە ژووری جلگۆڕین قسەی لەگەڵ یاریزانان کرد و بڕیارەکەی پێڕاگەیاندن.

هەندێ یاریزانی لیڤەرپوول ناونیشانی ئەم وەرزەیان کردووەتەوە ”دوا سەما – The Last Dance”، وەک ئاماژەیەک بۆ دۆکیومێنتارییەکەی مایکڵ جۆردان. چونکە هەموو یاریزانان دەیانەوێت ئەم وەرزە بە جوانترین شێوە لەگەڵ کڵۆپ کۆتایی پێبهێنن.

چاوپێکەوتنەکەی کڵۆپ لەگەڵ کەناڵی لیڤەرپوول، پێنجشەممەی رابردوو تۆمارکرا بوو، واتە رۆژێک بەر لە ئاشکراکردنی بڕیارەکە، ئەمەش بە نهێنییەکی زۆر مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە کرا، تاوەکو نەکەوێتە سۆشیال میدیا و تەنیا خۆی بڕیارەکە ئاشکرا بکات.

دوای ئاشکراکردنی بڕیارەکەی، لیڤەرپوول لەگەڵ کڵۆپ راهێنانەکانی کرد، دواتر چەندین وێنەیان گرت و کڵۆپ بە زەردەخەنەیەکی گەورە لە وێنەکان دەردەکەوێت، ئەمەش بە لە یارییەکەیان بەرامبەر نۆرویچ سیتی لە جامی FA.

یورگن کڵۆپ
یورگن کڵۆپ لە راهێنانەکانی لیڤەرپوول بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر نۆرویچ سیتی لە جامی FA – سەنتەر مەشقی AXA

هەواڵەکە تەواوی ستاف و یاریزانانی شۆک کرد، چونکە پێشبینی ئەمەیان لە کڵۆپ نەدەکرد، تەنانەت هەندێ لە ئەندام و یاریزانان چاویان پڕ ئاو و فرمێسکیان رژاند.

دۆخی ئێستای کڵۆپ لەگەڵ لیڤەرپوول بریتییە؛ پێشەنگی پرێمەرلیگە، لە یاری کۆتایی جامی کاراباوە، لە قۆناخی 16ی یۆرۆپالیگە و تاوەکو ئێستا لە جامی FA بەردەوامە. یاریزانان پێیان وابوو هێشتا دوو وەرزی دیکەیان لەگەڵ کڵۆپ ماوە، بەڵام بڕیارەکە وەک شمشێر، جەرگی یاریزانان و ئەندامانی یانەکەی داخ کرد.

ئەگەر بڕیارەکە ساڵێک بەر لە ئێستا درابا، ئەوا لۆژیک بوو، چونکە لیڤەرپوول ئاستی دابەزیبوو و رێچکەی خۆی ون کردبوو، هەروەها پێکهاتەیەکی شێواو لەبەر دەستی کڵۆپ بوو، بە تایبەت لە وادەی جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵی رابردوو، کاتێک دووجار بە برایتن دۆڕا، بە برێنتفۆرد دۆڕا و وۆڵڤزیش لە لیڤەرپوولی بردەوە.

لیڤەرپوول
دۆڕان بەرامبەر وۆڵڤز لە پرێمەرلیگ، یەنایەری ساڵی 2022 – ئانفیڵدڕۆد، لیڤەرپوول

لە دوای شکستهێنانی لیڤەرپوول بە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، رەنگە بەشێک لە هاندەران و ئەندامانی یانەکە، پێشبینی چوونە دەرەوەی کڵۆپیان کردبێت، بەڵام مانەوەی کڵۆپ لە ئانفێڵدڕۆد، هەموو شتێکی یەکلاییکردەوە، کە کڵۆپ دەیەوێت ئەنجامەکان راست بکاتەوە و لیڤەرپوول بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی، چونکە خۆی بە بەرپرسیاری سەرەکی ئەنجامەکان دادەنا.

لە ژووری جلگۆڕیندا، کڵۆپ بە گاڵتەوە بڕیارەکەی بۆ خراپی ئاستی یاریزانان گەڕاندەوە و پێی گوتن، ئێوە هۆکاری بەشێکی بڕیارەکەن، پاشان باوەشی بە هەموو یاریزاناندا کردبوو. کڵۆپ بە یاریزانانی راگەیاندووە، میراتێکی گەورەی لە لیڤەرپوول هەیە و ئەمە واتای هەموو شتێکە بۆ ئەوان.

کڵۆپ پێشبینی جیاوازی بۆ کاردانەوەی هاندەران و یاریزانان هەبوو، بەڵام بە یاریزانانی راگەیاند؛ ئیتر کاتی نووسینەی چاپتەری دیکەیە و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، دەبێ بە باشترین و جوانترین شێوە کۆتایی بە وەرزەکە بهێنین.

ئێستا چی دەکرێت؟

کڵۆپ دووپاتیکردەوە، لە بڕیارەکەی پەشیمان نابێتەوە و ئێستا ئەمەش روونە هاوشێوەی سێر ئەلێکس فێرگسن ناکات، کاتێک لە ساڵی 2002 بڕیاری وازهێنانیدا، بەڵام دواتر لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە دووپاتیکردەوە، بڕیاری وازهێنانی پەیوەندی بە کەمی پاڵپشتی دارایی گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی سپۆرتسەوە نییە، بەڵکو کڵۆپ خۆی لەگەڵ مۆدێلی بازرگانی خۆبەڕێوەبەر گونجاندبوو. ئەمەش وایکردووە، دەستکەوتەکانی لە لیڤەرپوول زۆر بە گەورەتر لێی بڕواندرێت.

کاتێک تۆ سەیری لیڤەرپوولی ساڵی 2015 دەکەیت، ئەوکات لە پلەی دەیەمی پرێمەرلیگ بوو، کەچی لە ماوەیەکی کورتدا، کڵۆپ هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی و کۆتایی بە دوورکەوتنەوەی لە نازناوی پرێمەرلیگ هێنا، جیا لەمەش رێدزی بە چامپیۆنزلیگ شادکردەوە، ئەمە گەورەترین گۆڕانکاری مێژووی نوێی لیڤەرپوول بوو، لە دوای شۆڕشەکەی بیڵ شانکڵی.

با بگەڕێینەوە سەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان کڵۆپ و گۆردن لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو. لە دوای بیستنی بڕیارەکەی کڵۆپ، گۆردن دەستبەجێ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وڵ سپێرمان، بەڕێوەبەری بەدواداچووندا کرد، تاوەکو باشترین جێگرەوەکان بۆ شوێنگرتنەوەی کڵۆپ دەستنیشان بکەن، ئەمیش بە کۆکردنەوەی داتای بەربژێران و هەڵسەنگاندنیان.

هەرچەندە، گەڕانە راستەقینەکە لەم قۆناخە دەستپێدەکات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بە پاڵێوراوەکان نەکراوە، بەڵام بژاردەکان کەمن و بڕیاری خێراشی پێویستە.

هەرچەندە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، لیڤەرپوول زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا دەکرد، چونکە ترسی لە دزەپێکردنی هەواڵەکە بۆ میدیاکان هەبوو، بۆیە بە هۆشیارییەکی زۆرەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی بەربژێرەکان دەکرد، بەڵام ئێستا هەموو شتێک ئاشکرا بووە، بۆیە ئەرکی کارگێڕی لیڤەرپوول ئاسانترە.

پلانی ئێستای گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی سپۆرتس، دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەرێکی وەرزشی نوێیە بەر لە دەستنیشانکردنی راهێنەر، چونکە یۆرگ شمیدکێ، بەڕێوەبەری کاتی وەرزشی لیڤەرپوول، هەفتەی داهاتوو پۆستەکەی جێدەهێڵێت و ئەمەش کەلێنی کێشەکان فراوانترە دەکات.

یۆرگ شمیدکێ
یۆرگ شمیدکێ، بەڕێوەبەری کاتی وەرزشی لیڤەرپوول

کێشەی دیکەش لە لیڤەرپوول سەرهەڵدەدەن، چونکە یاریزانانی وەک محەمەد سەڵاح، ڤێرجیل ڤان دایک و ترێنت ئارنۆڵد، تەنیا 18 مانگ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکانیان ماوە، لە دوای کڵۆپ، رەنگە بڕیاری ئەوانیش جیاواز بێت.

تەواوی یاریزانان داوای دڵنیایی لە رێچکەی داهاتووی یانەکە دەکەن، چونکە بڕیارەکەی کڵۆپ هەموو شتێک دەگۆڕێت و ئەگەر شوێنگرەوەیەکی گونجاوی نەبێت، ئەوا کاریگەری لەسەر چارەنووسی ئەستێرەکان دەبێت.

چابی ئاڵۆنسۆ بە بەربژێری سەرەکی شوێنگرتنەوەی کڵۆپ دادەندرێت، چونکە مێژووێکی گەورەی لەگەڵ رێدز هەیە و لە 2005 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ تیمەکەی رافایێل بێنیتێز بەدەستهێنا، لەم وەرزەشدا ئەنجامی بێوێنە لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن پێشکەش دەکات و بە جیاوازی چوار خاڵ، پێشەنگی بۆندسلیگایە.

هەرچەندە ریال مەدریدیش بۆ ئاڵۆنسۆ لەسەر هێڵە، بەڵام لیڤەرپوول یەکێکە لە یانە دڵخوازەکانی ئاڵۆنسۆ و زۆریش بە کڵۆپ سەرسامە. لەبارەی هەواڵی وازهێنان و ئەگەرەکانی شوێنگرتنەوەی کڵۆپ، راهێنەرە ئیسپانییەکە گوتی

تێڕامان شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی کڵۆپ لەگەڵ لیڤەرپوول بەدەستیهێناوە، رێزێکی زۆری لێدەگرم، زۆریش پێی سەرسامم، ئەوەی لە 9 ساڵی رابردوودا کردوویەتی و بردنەوەی دەستکەوتەکان. ئەمە کارێکی زۆر گەورەیە، بەڵام سەرنجی من لەسەر لیڤەرکوزنە.

چابی ئاڵۆنسۆ
چابی ئاڵۆنسۆ لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن

هەریەکە لە رۆبێرتۆ دی زێبری، راهێنەری برایتن و ئەینج پۆستێکۆگلۆ، راهێنەری تۆتنهام، جیا لەوەی هاندەری لیڤەرپوولن، ئەوانیش لە رادارەکانی لیڤەرپوولدان، چونکە شێوازی یاریکردنی لیڤەرپوول لە شێوازی یاریکردنی هەردوو راهێنەرەکە نزیکە. رەنگە جولیان ناگلیسمانیش لە نێو کاندیدەکان بێت، بەڵام ئەرکی یۆرۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەسەرشانە و ناتوانێت تاوەکو یۆلیۆ/تەموزی داهاتوو هیچ بڕیارێک بدات.

بەرپرسێکی باڵای لیڤەرپوول بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی قسەی بۆ ئاتلێتیک کردووە

بڕیاری وازهێنانی کلۆپ دڵەڕاوکێی لە لیڤەرپوول دروستکردووە، چونکە کڵۆپ ناوێکی گەورەیە و بۆشاییەکی گەورە لە یانەکە دروست دەکات، هەروەها پڕکردنەوەی شوێنەکەی ئاسان نابێت.

گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی سپۆرتس سەرەڕای دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی گەورە لەگەڵ لیڤەرپوول، لە دوای بڕیارەکەی کڵۆپ، ئامادەنین دەستبەرداری یانەکە بن و سوورن لەسەر تەواوکردنی رێچەکەکە و دۆزینەوەی باشترین جێگرەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button