جامی ئەفریقا 2023

رەگراگی سزادرا و مەغریب تووشی کێشە بووە

رەگراگی بەهۆی گرژییەکانی یاری بەرامبەر کۆنگۆی دیموکرات سزادراوە

یاریگا –

وەلید رەگراگی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب بۆ ماوەی چوار یاری سڕکرا.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا CAF سزاکەی بەسەر رەگراگی سەپاند، دوای گرژییەکانی نێوان راهێنەری مەغریب و چانسێل ئێمبێمبا، بەرگریکاری نیوکاسڵ و هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات، دوای تەواوبوونی یاری نێوانیان بە ئەنجانی 1-1.

لە بەیاننامەکەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقادا روونکراوەتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب و یەکێتیی تۆپی پێی کۆنگۆ بەرپرسیارن لە گرژییەکان و رەگراگیش بەجیا سزادرا.

هەرچەندە رەگراگی بۆ چوار یاری سزادراوە، بەڵام بڕیارەکە بە شێوەیەکی دیکە جێبەجێ دەکرێت، رەگراگی لە جامی ئەفریقا دوو یاری سزا دەدرێت و دوو یارییەکەی دیکەش، دەبێ ئەمساڵ سزاکەی وەربگرێت.

یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب لە بەیاننامەیەکدا، بڕیاری فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقای رەتکردەوە و رایگەیاند، تانە لە بڕیارەکە دەدەن.

رەگرای بەشداری یاری شەوی رابردووی مەغریبی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی زامبیا نەکرد و ئامادەی یاری قۆناخی 16ی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەفریقای باشووریش نابێت.

رەگراگی تاکە راهێنەری سزادرا نییە، بەڵکو عادل عەرمووش، راهێنەری هەڵبژاردەی تانزانیا، هەشت یاری سزادراوە، دوای لێدوانە توندەکانی بەرامبەر یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب. هەر لە دوای بڕیارەکە، تانزانیا، عەرمووشی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

رەگراگی لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2022 گرێبەستێکی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب واژۆ کرد و شوێنی ڤەحید هەلیلۆزیچی گرتەوە.

رەگراگی یەکێکە لە پاڵەوانەکانی تۆپی پێی مەغریب، دوای بەدەستهێنانی پلەی چوارەمی مۆندیالی 2022ی قەتەڕ.

بابەتی زیاتر

Back to top button