ئیسپانیا

دێکۆ: ئەم یاریزانەی بارسا بۆ فرۆشتن نیە!

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنا لەڕێگەی دێکۆی بەڕێوبەری یانەکەوە هەموو شتێکی یەکلا کردەوە لەسەر دەنگۆیەکانی گرنگیدانی بایەرن موینخ بە رۆناڵد ئاراوخۆ.

ماوەیەکە بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە بووەتە ئامانجی باڤارییەکان و ئۆفەری نایابیان بۆ ئامادە کردووە و ئەوەش ترسی لای یانە کەتەلۆنییەکە دروست کردووە ئەگەرچی خودی ئاراوخۆی زیاد لە بۆنەیەک پەیوەستبوونی بە بارساوە دووپات کردووەتەوە.

لە نوێترین دیمانەدا لەگەڵ  Movistar کە فابریزیۆ ڕۆمانۆیش بڵاوی کردووەتەوە، بەڕێوبەرە پورتوگالییەکە دەڵێت

بایەرن ئاراوخۆی دەوێت؟ ئێمە بیر لە فرۆشتنی ناکەینەوە. ئەو بۆ فرۆشتن نیە. ئاراوخۆ یەکێکە لە یاریزانە گرنگەکانی داهاتووی بارسا.

دێکۆ جەختیشی کردەوە

ئێمە دەمانەوێت ئەو دڵخۆش بێت و ڕۆژانەیش ئەوە پیشان دراوە. بۆیە هیچ شتێک نییە لەو بارەیەوە قسەی لەسەر بکرێت.

لەپێناو زیاتر وابەستە کردنی ئاراوخۆوە بە بارسا، کەتەلۆنییەکان کردوویانە بە سێیەم کاپتنی یانەکە لە دوای سێرجی ڕۆبەرتۆ و تێر شتینگن.

بارسا دوور لە ئاستی وەرزی ڕابردوویان لە لالیگا، ئەم وەرزە دەناڵێنن بەدەست زۆری گۆڵ لێ تۆمارکران بە جۆرێک لە ٢٠ هەفتەی خولەکە تا ئێستا ٢٤  جار تۆڕەکەیان هەژێنراوە واتا بە ڕێژەی ١.٢ گۆڵ لە هەر یارییەکدا. بۆ ئەمەیش نایانەوێت دڵی بەرگری یانەکە لە قەیرانێکی وادا بفرۆشن.

بابەتی زیاتر

Back to top button