خوله‌کانی دیکە

مێسی و دی ماریا سوپڕایزی گەورەیان پێیە

هاندەرانی تانگۆ دڵخۆش دەکەن...

یاریگا –

لیۆنێل مێسی و ئەنخێل دی ماریا بە بڕیارێک هاندەرانی ئەرجەنتین دڵخۆش دەکەن.

ماڵپەڕی دی سپۆرتز بڵاویکردووەتەوە، مێسی و دی ماریا داوایان لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتن کردووە ئەگەر هەڵبژاردەکە قۆناخی پاڵاوتنەکانی ئۆڵۆمپیادی تێپەڕاند رێگەیان بدەن بەشداری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بکەن، کە هاوینی داهاتوو لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.

لە ئەمریکای باشوور دوو هەڵبژاردە سەردەکەون بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، کە پاڵاوتنەکان لە 20/1 بۆ 11/2 لە ڤێنزوێلا بەڕێوەدەچێت.

هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، خاڤیێر ماسکێرانۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ئەرجەنتین لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی لو 10 سپۆرت پێشوازی لە بڕیارەکەی هەردوو هاوڕێ دێرینەکەی کرد.

دەرگاکانی هەڵبژاردەکە هەمیشە بۆ مێسی کراوەیە، هەرشتێک بیەوێت بیکات دەتوانێت، ئەمە شتێکی واقعییە، ئەگەر سەربکەوین بۆ ئۆڵۆمپیاد بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییەکی گەورە لە مێسی دەکەین، پەیوەندیمان زۆر پتەوە و زۆر دڵخۆش دەبم لەگەڵمان بێت.

10 هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور بەشداری پاڵاوتنەکان دەکەن و دابەشدەکرێن بەسەر دوو کۆمەڵەدا، پێشەنگی هەردوو کۆمەڵەکە راستەوخۆ دەگەنە ئۆڵۆمپیادی پاریس.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکان بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئوروگوای، چیلی، پاراگوای و پیرۆ یاری دەکات.

تا ئێستا 10 هەڵبژاردە سەرکەوتوون بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس، فەرەنسی میوانداری پاڵەوانێتییەکە، میسڕ، مەغریب و مالی لە ئەفریقا، ئەمریکا و کۆماری دۆمینیکان لە ئەمریکای باکوور، نیوزلەندا لە ئۆقیانووسیا، ئیسپانیا، ئۆکرانیا و ئیسرائیل لە ئەوروپا. دوو کورسی لە ئەمریکای باشوور و کورسیەکیش لە کیشوەری ئاسیا ماون.

ئەوەی جێگای سەرنجە دوو ئەستێرەکەی تانگۆ بەشداری یارییەکانی کۆپا ئەمریکای داهاتوو دەکەن کە لە 20ی حوزەیران تا 14ی تەمموز لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ئۆڵۆمپیادی پاریسیش لە لە 24ی تەمموز تا 10ی ئاب بەڕێوەدەچێت.

ئەرجەنتین بە سەرکردایەتی مێسی و دی ماریا لە ئۆڵۆمپیادی 2008 لە پەکین مەدالیای زێڕی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، دووانەکەی تانگۆ چاویان لەوەیە دوای 16 ساڵ جارێکی دیکە ئەرجەنتین بکەنەوە پاڵەوان.

بابەتی زیاتر

Back to top button