ئاسیاجامی ئاسیا 2023گرنگترین

سبەی جامی ئاسیا بە بەشداریی 8 یاریزانی کورد دەستپێدەکات؛ هەموو شتێک لەبارەی پاڵەوانێتییەکە بزانە

یاریگا –

سبەی هەینی هەژدەمین وەشانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە قەتەر دەستپێدەکات، 24 هەڵبژاردە رکابەریی لەسەر جامەکە دەکەن، هەشت یاریزانی کورد لە ریزی هەڵبژاردەکانی عێراق و ئێران و سووریا بۆ پاڵەوانێتییەکە بانگهێشتکراون.

سبەی هەینی 12ـی یەنایەری 2024 کاتژمێر 19:00 بە یاریی نێوان قەتەڕ و لوبنان لە یاریگای لوسەیل جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە دەوحە دەستپێدەکات و تاکو رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە نۆ یاریگای جیاواز بەڕێوە دەچن، قەتەر وەکو میواندار و پاڵەوانی وەشانی رابردوو بەشداریی دەکات.

دووشەممە جامی ئاسیا بۆ عێراق دەستپێدەکات

شاندی هەڵبژاردەی عێراق کە لە شاری ئەبوزەبی لە ئیمارات کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردبووەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە دەوحە و هەر ئەمڕۆش شێرەکانی رافیدەین دەست بە راهێنانەکانیان دەکەنەوە.

عێراق لە کۆمەڵەی چوارەم هاوشانی ژاپۆن و ئیندۆنیسیا و ڤیێتنام یاریی دەکات، رۆژی دووشەممە شێرەکانی رافیدەین یەکەم یارییان لە پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر ئیندۆنیسیا ئەنجام دەدەن.

عێراق لە مێژوودا نۆ جار بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئاسیای کردووە، باشترین ئەنجامی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە ساڵی 2007 بوو، کاتێک شێرەکانی رافیدەین لەسەر ئەستۆی سعوودیە بە سەرکردایەتی هاوار مەلا محەمەد و یونس مەحموود نازناوەکەیان بەدەستهێنا.

لە وەشانی رابردوو لە ئیمارات ساڵی 2019، شێرەکانی رافیدەین لە قۆناخی لەسەر دەستی قەتەر لە قۆناخی 16ـەوە ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

ژاپۆن بەربژێری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە

بەگوێرەی زۆربەی پێشبینییەکان ژاپۆن بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی ئاسیا، کە کۆمپیوتەرەکانی ژاپۆن لە کۆمەڵەی چوارەم لەگەڵ عێراق یاریی دەکەن، لە گەڕی دووەمی کۆمەڵەکەیان ژاپۆن و عێراق رۆژی 19ـی ئەم مانگە بەیەک دەگەن.

ژاپۆن کە خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە و چوار جار بووەتە پاشای ئاسیا، بەربژێرە بۆ ئەوەی بۆ جاری پێنجەم جامی ئاسیا بەرز بکاتەوە، ژاپۆنییەکان چاویان لە تواناکانی کوبۆ و تاکومی مینامینۆیە بۆ ئەوەی لە قەتەر ببنە پاڵەوان.

بەگوێرەی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنێکی تۆڕی ئۆپتا، ژاپۆن بەربژێری یەکەمە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە و کۆریای باشوور دووەم بەربژێر دەبێت، عێراقیش لە ریزی بەربژێرەکان نۆیەمین بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان.

هەشت یاریزانی کورد لە ئاسمانی قەتەر دەدرەوشێنەوە

لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق شەش یاریزانی کورد لەلایەن خیسۆس کاساسەوە بانگهێشتکراون، ئاکام هاشم ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر تاکە یاریزانی کوردە لەنێو یانەکانی کوردستان و عێراق بانگهێشتکرابێت، ئوسامە رەشید و ئاڵان محێدین و مێرخاس دۆسکی و یوسف ئەمین و ئەحمەد عەلی بەشێکن لە لیستەکەی عێراق لە پاڵەوانێتییەکە.

محەمەد عوسمان لە هەڵبژاردەی سووریا یاریزانێکی دیکەی کوردە بانگهێشتی جامی ئاسیا کراوە و دووەم وەشانە بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات، ئەم کوڕە کوردە خەڵژی رۆژئاوای کوردستانە و لە شاری عامودا لەدایکبووە.

لە ریزی هەڵبژاردەی ئێرانیش، عەلیڕەزا بیرانوەند گۆڵپارێزی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەستێرەیەکی دیکەی کوردە لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە ئاسمانی قەتەڕ دەدرەوشێتەوە.

ئەم گۆڵپارێزە 31 ساڵانە خەڵکی پارێزگای لوڕستانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا لە یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی یاریی دەکات و تاکە یاریزانی کوردە لە ریزی هەڵبژاردەی ئێران بانگهێشتی پاڵەوانێتییەکە کراوە.

 

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button