ئه‌مریکاگرنگترین

ئەفسانەیەکی بەرازیل کۆچی دواییکرد

زاگالۆ چ پەیوەندییەکی لەگەڵ ژمارە 13 هەبوو؟

یاریگا –

ماریۆ زاگالۆ، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

زاگالۆ، وەک یاریزان و راهێنەر چوار جار نازناوی جامی جیهانی بەدەستهێناوە و لە ماوەیەکی کەمدا، وەک یاریزان و راهێنەری سامبا دەرکەوت.

ئەفسانە بەرازیلییەکە لە باڵی چەپ یاری دەکرد و بۆ یەکەمجار لە 1958دا نازناوی جامی جیهانی لەگەڵ پێلێ بردەوە و دوای چوار ساڵیش، جارێکی دیکە بووەوە پاڵەوانی جیهان.

لە مۆندیالی 1970، زاگالۆ راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل بوو، لەو کاتەدا راهێنەرایەتی باشترینەکانی مێژووی بەرازیلی وەک پێلێ، جێرزینیۆ، ریڤێلینۆ و تۆستاو کرد. بەلای زۆربەی هەوادارانی وەرزشییەوە، وەشانی 1970ی هەڵبژاردەی بەرازیل، باشترینی مێژووە.

لە دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 1970، زاگالۆ بووە یەکەم کەس وەک یاریزان و راهێنەر ببێتە پاڵەوانی جیهان.

زاگالۆ لە مۆندیالی 1994 یاریدەدەری کارلۆس ئالبێرتۆ پێرێیرا بوو، کاتێک بۆ چوارەم جار لە مێژوودا بوونە پاڵەوانی جیهان.

پێچەوانەی بیروبۆچوونەکان، ئەفسانە بەرازیلییەکە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ژمارە 13 هەبوو. زاگالۆ پێی وابوو ژمارە 13 بەختی بۆ هێناوە و حەزی لە دروستکردنی دەستەواژەی 13 وشەیی بوو. زاگالۆ لە رۆژی 13ی مانگدا هاوسەرگیری کرد و جارێکیان بە گاڵتەوە گوتی، دەیەوێت کاتژمێر 13:00ی رۆژی 13ی 2013 واز لە یاریکردن بهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button