ئیسپانیا

“دڵنیا نیم پەیوەندی بە بارسێلۆنا دەکەم یاخود نا”

یاریگا –

ئەلێکس گارسیا، وەڵامی پرسیارەکانی هاندەرانی جیرۆنای سەبارەت بە پەیوەندی کردن بە بارسێلۆنا نەدایەوە، تاوەکوو وەڵامەکە بە ناڕوونی بمێنێتەوە.

لەم وەرزەدا جیرۆنا یەکێک بووە لە باشترین رکابەرەکانی لالیگا، درەوشاوەیی یاریزانانی ئەم تیپە سەرنجی زۆرێک لە یانە گەورەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

یەکێک لەو یاریزانانەی کە لە سەرەتای وەرزەوە تا ئێستا ئاستێکی نایابی نیشانداوە ئەلێکس گارسیایە، کە بووەتە یەکێک لە پارچە سەرەکییەکانی تیپەکەی لە هێڵی ناوەڕاست و درەوشاوەیی لە پێکهاتەی ئەم تیپەدا ستاییشێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.

لەماوەی رابردوودا جیرارد رۆمیرۆ، رۆژنامەنووسێکی ناسراوی ئیسپانی، رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان بارسێلۆنا و جیرۆنا بۆ وەرگرتنی ئەم یاریزانە بەجدی دەستیپێکردووە، ئەگەری ئەوە هەیە بەم نزیکانە لە گواستنەوەی زستانە پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات.

چاڤی، سیفەتەکانی پابلۆ گاڤی لە گارسیادا بەدی دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە جیرۆنا 20 ملیۆن یۆرۆی دەوێت تاوەکوو دەستبەرداری کاپتنەکەیان بێت.

دوێنێ مەشقەکانی جیرۆنا لە یاریگای مۆنتۆلیڤی ئەنجامدرا و هاندەران لەوێ ئامادەبوون، لە کۆتاییدا زۆرێکیان پرسیارێکیان بۆ گارسیا هەبوو. ئایا هەواڵی گواستنەوەی بۆ بارسا راستە یان نا.

دوای چەند چرکەیەک لە بێدەنگی، گارسیا کە سەرقاڵی واژوو کردن لەسەر درێسەکەی بوو، خۆی بە یەک وشەدا دەرباز کرد و گوتی: نازانم.

گارسیا کە پێش یارییەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا رایگەیاندبوو حەز دەکات رۆژێک بۆ ئەم یانەیە یاری بکات، پێدەچێت لەم زستانەدا چانسی بەدیهێنانی خەونەکەی نەبێت و دەبێت چاوەڕێی هاوین بکات. بێگومان ئەگەر تا ئەو کاتە بارسا هێشتا ئارەزووی گواستنەوەی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button