ئه‌مریکاگرنگترین

ڤیدیۆ: شەڕێکی گەورە لە یارییەکەی بەرازیل و ئەرجەنتین روویدا

رووداوێکی ئابڕووبەرانە...

یاریگا –

درەنگانی شەوی رابردوو، لە یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی 2026، بەرازیل لە یاریگای ماراکانا میوانداری ئەرجەنتینی کرد، یارییەکە بە تاکە گۆڵێکی ئۆتامێندی لە بەرژەوەندی تانگۆ کۆتایی هات.

بەڵام یارییەکە شەڕێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەر لە دەستپێک و لە کاتی لێدرانی سروودی نیشتیمانی بەرازیل، بەشێک لە هاندەرانی ئەرجەنتین دەستیانکرد بە فیکە لێدان و گوتنەوەی درووشمی نەشیاو.

ئەم هەڵسوکەوتەی هاندەرانی ئەرجەنتین بووە هۆی تووڕەبوونی بەرازیلییەکان، لە ئاکامدا شەڕ و ئاڵۆزییەکی زۆر درووست بوو، پۆلیسی بەرازیلیش بەشداری شەڕەکەیان کرد، بەشێوەیەکی توند رووبەڕووی هاندەرانی ئەرجەنتین بوونەوە.

هەر بەهۆی شەڕەکە بەر لە دەستپێکی یارییەکە، یاریزانانەی ئەرجەنتین یاریگایان جێهێشت و رەتیانکردەوە لەو بارودۆخەدا یاری بکەن، بەڵام دوایی ئارامبوونەوەی بارودۆخەکە و تێپەڕینی نیو کاتژمێر بەسەر وادەی دەستپێکی یارییەکە، یاریزانانی تانگۆ گەڕانەوە یاریگا و یارییەکە ئەنجامدرا.

بەڵام ئەمجارە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناو هاندەران گواسترایەوە بۆناو یاریگا، یارییەکە لە دەستپێک تا کۆتایی توندوتیژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی، ناوبژیوان سێ کارتی زەرد و کارتێکی سووری بەڕووی یاریزانانی سامبا بەرزکردەوە.

هاوکات ئەمە جاری یەکەم نییە یاری نێوان ئەم دوو هەڵبژاردە ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێت، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی رابردووش یاری نێوانیان بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەوە دوخرا، دواتر بڕیاردرا بەشێوەیەکی یەکجارەکی یارییەکە ئەنجام نەدرێت.

ڤیدیۆ: شەڕی نێوان هاندەران و پۆلیسی بەرازیل:

بابەتی زیاتر

Back to top button