ئینگلتەرا

هێرشبەرەکەی وێستهام نوێترین قوربانی ڤایرۆسی فیفایە

یاریگا –

مایکڵ ئانتۆنیۆ، هێرشبەرە جامایکیایەکەی یانەی وێستهام یونایتدی ئینگلیزی، دوایین قوربانیی پێکانی یارییە نێودەوڵەتییەکانە.

هێرشبەرە بەئەزموونەکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی جامایکا، مایکڵ ئانتۆنیۆ، لە یارییە گرینگەکەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر کەنەدا توشی پێکان بوو، رەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر لە یارییەکانی وێستهام دووربکەوێتەوە.

رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، مایکڵ ئانتۆنیۆ ئەستێرەی یانەی وێستهام لە سەرەتای یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی کەنەدا لە خولی نەتەوەکانی کۆنکاکاف توشی پێکان بووە و دەگەڕێتەوە بۆ لەندەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکیەکان. ئەم هێرشبەرە نزیکەی 10 خولەک لە دوای پێکانەکەی بەردەوام بوو لە یاری کردن، ئەمەش بارودۆخی پێکانەکەی خراپتر کرددوە تا دواجار یاریگای بەجێهێشت.

بەپێی توێژینەوە سەرەتاییەکان لە باشترین حاڵەتدا پێدەچێت مایکڵ نزیکەی 6 هەفتە لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە. لە خراپترین حاڵەتیشدا تاوەکوو 9 مانگ لە یاریگا دووردەکەوێتەوە، ئەمەش دەتوانێت بێت هەواڵێکی زۆر ناخۆش بۆ یانەکەو هەوادارانی.

بەڕێوبەرانی یانەی وێستهام، دوای بینینی بارودۆخی یاریگاکە و ئەو راستییەی کە ئەنتۆنیۆ دوای 10 خولەک لە پێکانەکەی هەر یاری کردووە و ستافی پزیشکی هیچ هۆشدارییەکیان نەداوە بە ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەکەی زۆر تووڕە بوون.

سەبارەت بە خراپبوونی بارودۆخی ئەم یاریزانە و دوور کەوتنەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان، یانەی وێستهام دەتوانێت داوای قەرەبوو لە یوفا بکات.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button