ئیسپانیا

خیتافی گرێبەستەکەی گرینوود دەکاتە هەمیشەیی

یاریگا –

یانەی خیتافی ئیسپانی، بەنیازە بە شێوەیەکی هەمیشەیی گرێبەست لەگەڵ مەیسن گرینوود، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی واژوو بکات.

یانەى مانچێستەر یونایتد لە هاوینەى ئەمساڵدا رایگەیاند، نایەوێت هاوکارییەکانی لەگەڵ گرینوود بەردەوام بکات و ئامادەیە ئەم یاریزانە بفرۆشێت. لە کۆتاییدا لە کۆتا کاتژمێرەکانی گواستنەوەی هاوینەدا، گرینوود بڕیاریدا بچێتە یانەی خیتافی و لەو کاتەوەی پەیوەندی بەم تیپە کردووە توانیویەتی ئاستێکی نایاب و قبوڵکراو لەم تیپەدا پێشکەش بکات و جێگەیەک لە پێکهاتەی سەرەکیدا بدۆزێتەوە.

بەم بۆنەیەوە رۆژنامەی گۆڵ بڵاویکردەوە کە ستافی تەکنیکی ئەم تیپە، بە ئاستی ئەم ئەستێرە ئینگلیزییە رازیین و بە بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە رایانگەیاندووە گرێبەستەکەی بکەنە هەمیشەیی بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش لەم تیپەدا یاری بکات.

لە کاتێکدا پێشتر باس لەوە کرابوو کە گرینوود زۆر ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ مانچێستەر یونایتد دەکات و دەیەوێت جارێکی دیکە درێسی ئەم تیپە لەبەر بکاتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە ئامادە نین چیتر هاوکاری ئەم یاریزانە بکەن و ئەم بابەتەشیان بە بەڕێوبەری کارەکانی یاریزانەکە راگەیاندووە.

لە دوای تۆمەتی دەستدرێژی و ئازاردانی جەستەیی لەلایەن دەزگیرانی یاریزانەکەوە، نزیکەی ساڵێک گرینوود لەژێر چاودێری پۆلیسدا بوو، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی شەیتانە سوورەکان چیتر نەیانهەوێت ئەم هێرشبەرە لە پێکهاتەکەیاندا بهێڵنەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button