ئیسپانیا

هاوسەری لونین: ریال مەدرید جێدەهێڵین

یاریگا –

ئاندرێ لۆنین، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید، لە پێگەی خۆی لە یانەکە رازی نییە و بە گوتەی هاوسەرەکەی بەنیازن لە کۆتایی ئەم وەرزەدا مەدرید جیبهێڵین.

لونین لە هاوینی ساڵی 2018، لە یانەی زۆریا لە ئۆکرانیا پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد. دوای پێنج ساڵ، ژمارەی یارییە فەرمییەکانی لەگەڵ ریال تەنها 20 یاری بووە و بە سروشتی خۆی لەم دۆخە رازی نییە. بێگومان لونین بە خواستن لە یانەی ریالەوە یاری بۆ یانەکانی تریش کردووە.

لە سەرەتای ئەم وەرزەدا، تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە توشی پێکان بوو. هەر بەم بۆنەیەوە یانەکە بە خێرایی کێپا ئارزیابالاگای گواستەوە، ئەم بابەتەش بە هیچ شێوەیەک بە دڵی لۆنین نەبوو. لۆنین لە دوو هەفتەی یەکەمی لالیگادا لە پیکهاتەی سەرەکی دا بوو بەڵام لە هەفتەکانی داهاتوودا جێگەکەی خۆی بە کێپا دا.

لۆنین بەهۆی پێکانی کێپاوە کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە، هەفتەی رابردوو لە پێکهاتەی سەرەکی مەدرید بەرامبەر براگا یاری کرد و لە خولەکی پێنجی یارییەکەدا لێدانێکی سزای گەڕاندەوە. ئەمشەویش بەرامبەر ڤالێنسیا هەر لە پێکهاتەی سەرەکی دا ئامادە دەبێت، بەڵام لە کۆتایی وەرزدا گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و لە پلانی یانەکەدا نییە کە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە گۆڵپارێزەکەش دەیەوێت بڕوات.

ئەمەش لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پشتڕاستکرایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پلانەکانی لۆنین بۆ داهاتوو، گوتی:

ئەگەر تیپێک هەبێت ئەندرێ بتوانێت هەموو هەفتەیەک یاری تێدا بکات، ئەوا ریال مەدرید بەجێدەهێڵین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بگۆڕێت و ئەویش یاری زیاتری پێبدرێت، ئەوا ئێمە دەمێنینەوە.

 

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئاس، هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە لۆنین دەڕوات و یانەکە نایەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە. بەڵکو یانە مەدریدیەکە دەیەوێت کێپا لە چێڵسیەوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکڕێت و وەرزی داهاتوو لەگەڵ کۆرتوا رکابەری یەکتر بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button