ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید ئامانجە سەرەکییەکەی دەگۆڕێت

بێهیوابوون لە ئێمباپێ و چوونە بەردەرگای هالاند

یاریگا –

یانەی ریال مەدرید، ئێرلینگ هالاندی نەرویجی کردووە بە ئامانجێکی سەرەکی خۆی.

ریال مەدرید لە هاوینی 2021 بە وردی چاودێری بارودۆخی هالاندی دەکرد، کە ئەستێرە نەرویجییەکە لەو ساڵەدا یاری بۆ یانەی بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی دەکرد، بەڵام لۆس بلانکۆس هیچ ئۆفەرێکی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکەش نەکرد.

هەر بۆیە مەدریدییەکان یاریزانەکەیان لەدەستدا، ناوبراو لە هاوینی 2022 بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی کرد، بە ماوەیەکی کەم دەیان ژمارەی پێوانەیی گەورەی شکاند، چەندین دەستکەوتی گەورەشی لەگەڵ بلوو موون بەدەستهێنا.

هالاند لەگەڵ دۆرتموند

کیلیان ئێمباپێ فەڕەنسی بەردەوام ئامانجی سەرەکی یانە ئیسپانییەکە بووە، ئەستێرە فەڕەنسییەکە لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت.

هەرچەندە دەنگۆی زۆر هەبوو، کە کیلیان لەگەڵ ریال مەدرید گەیشتووەتە رێککەوتن و بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانەکە دەکات، بەڵام هەفتەی رابردوو مێرێنگی سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە.

بەپێی دواین دەنگۆی رۆژنامە ئیسپانییەکان، ریال مەدرید چیتر هەوڵ بۆ گواستنەوەی کیلیان نادات، یانەکە پاشەکشە لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات و چیتر ئامانجی ئەوان نابێت.

ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان

هاوکات رۆژنامەی ئاس لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردووەتەوە، دوای کشانەوە لە گواستنەوەی ئێمباپێ، ئامانجی سەرەکی ئێستای ریال مەدرید ئێرلینگ هالاندە.

رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، رافایلا پیمێنتای بریکاری کارەکانی هالاند، پێداگرە لەسەر ئەوەی داهاتوویەکی پارێزراو بۆ یاریزانەکەی دابین بکات، بەڵام بە گوتەی خۆی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ مەدرید، پەیوەندی بە هالاند نەبووە.

هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرت، ریال مەدرید پلانی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە نەرویجییەکە لە هاوینی ساڵی 2024 داناوە.

هالاند لەگەڵ مانچێستەر سیتی

بەپێی هەمان سەرچاوە پێشبینی دەکرێت تێچووی ئەم گرێبەستە بگاتە 222 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام مێرێنگی ئەمە بەزۆر نازانێت بۆ گۆڵکارە نەرویجییەکە و پێیوایە نرخێکی تەواو شایستەیە.

لە هاوینی ساڵی 2024 یاریزانەکە ئازاد دەبێت لە بڕیاردان بە مانەوە یان رۆیشتن، ئەویش بەهۆی کارابوونی مەرجێکی گرێبەستەکەی.

کارابوونی ئەو مەرجەی گرێبەستەکە هیوایەکی زۆری بە ریال مەدرید بەخشیووە تا لە ساڵی 2024 خەونە گەورەکەی بەدیبهێنێت و هالاند بکات بە یاریزانی ژمارە 9ـی.

بەپێ ئەو مەرجە یاریزانەکە دەتوانێت بە بڕی 180 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەیەکی دەرەوەی پرێمەرلیگ بکات.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button