گرنگترینمۆندیال

بۆچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر مەغریب لە پێکهاتەی سەرەکی نەبوو؟

فێرناندۆ سانتۆس هۆکاەە

یاریگا –

فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال چەند نهێنییەک لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات.

لە جامی جیهانی 2022 هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە قۆناخی چارەکی کۆتایی لەسەر دەستی هەڵبژاردە مەغریب کرایە دەرەوە، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو یارییە لەسەر کورسی یەدەگ بوو.

پاش تێپەڕینی نزیکەی ساڵێک بەسەر ئەو یارییە، فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال پەردە لەسەر چەند نهێنییەک لادەبات، هۆکاری دانانی رۆناڵدۆ لەسەر کورسی یەدەگ ئاشکرا دەکات.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالی قەتەر

راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی ئە بۆلای پۆرتوگالی بەمشێوەیە قسەی کردووە:

بەرامبەر سویسرا ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد، بەباشم زانی بەرامبەر مەغریب بە هەمان پێکهاتە یاری بکەین و گۆڕانکاری نەکەم، ئەگەر کات بگەڕێتەوە هەمان بڕیار دەدەم، ئەگەر لە مەغریبمان ببردایەتەوە، ئەوا کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر فەڕەنسا بەشێوەی سەرەکی یاری دەکرد.

سانتۆس لەبارەی پەیوەندی خۆی و رۆناڵدۆ دەڵێت:

لەدوای جامی جیهانییەوە لەگەڵ رۆناڵدۆ قسەم نەکردووە و پەیوەندیمان نەماوە، بەڵام من هەمیشە باوەشم بۆ دۆن کراوەتەوە و ئامادەم پەیوەندی نێوانمان ئاسایی بکەمەوە.

راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:

لە رابردوودا پەیوەندیم لەگەڵ کریستیانۆ زۆر پتەو بوو، لە سپۆرتینگ رۆناڵدۆم ناسی ئەوکات تەمەنی 19 ساڵ بوو، کە بووەم بە راهێنەری پۆرتوگال پەیوەندی نێوانمان پتەوتر بوو، من و رۆناڵدۆ وەک باوک و کوڕ واین، بەڕای من ئەو باشترین یاریزانی مێژووە.

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالی قەتەر

هەروەها دەڵێت:

وەک گوتم کریستیانۆ باشترینی مێژووە، بەڵام بە کاتێکی قورسدا تێدەپەڕی، لە نیوەی دووەمی ساڵی 2022 بە کاتێکی سامناکدا تێدەپەڕی، لەرووی دەرونیشەوە گرفتی زۆر بوو، ئەو رووداوانەی بەسەر خانەوادەکەی هات کاریگەری زۆربوو لەسەری، پاشان گەڕایەوە مانچێستەر و یاری پێنەدەکرا، هەر بۆیە لەرووی جەستەییەوە زۆر ئامادە نەبوو.

من متمانەم بە رۆناڵدۆی 2016 هەیە، هیچ شتێک نەگۆڕاوە، هەموو ئەوانەی لە قەتەر بووین بڕوامان وابوو دەبینە پاڵەوانی مۆندیال، هەمیشە بڕوام وابووە لەهەر ساتێکدا بێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەچێتە یاریگاو بەشداری یارییەکان دەکات.

دڵتەنگم چوونکە پێموایە رۆژێک لەگەڵ رۆناڵدۆ یەکتر دەبینین، بیردەکەینەوە رۆژنێک پەیوەندییەکی بەهێزمان هەبووە، دەزانم من زۆر ئازاری رۆناڵدۆم داوە، بەڵام پەیوەندی نێوانمان تەنیا پەیوەندییەکی ئاسایی نەبوو، هیوادارم رۆژێک نێوانمان وەک خۆی لێبێتەوە.

فێرناندۆ سانتۆس لەدوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی جامی جیهانی 2022 لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دوورخرایەوە، بۆ ماوەیەک بوو بە راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا، بەڵام بەهۆی ئاستە خراپەکەی لەگەڵ ئەو هەڵبژاردە، لەوێش پاش چەند مانگێک لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالی قەتەر

بابەتی زیاتر

Back to top button