ئیسپانیا

ئەتلەتیکۆ مەدرید گرێبەستی راهێنەرەکەی نوێ دەکاتەوە

یاریگا –

یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەکەی گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و گرێبەستەکەی تاوەکوو چەند ساڵیتر درێژ دەکاتەوە.

دیێگۆ سیمیۆنێ لانی کەم تاوەکوو ساڵی 2027 لە ئەتلەتیکۆ مەدرید دەمێنێتەوە. ئەمە ئەو هەواڵە بوو کە مارکا چەند خولەکێک پێش ئێستا بڵاوی کردەوە و نووسیبووی کە ئەتلەتیکۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی رایدەگەیەنێت.

سیمیۆنی لە مانگی کانوونی دووەمی 2011 سەرکردایەتی ئەتلەتیکۆی قبوڵ کرد، کەس بە خەیاڵیدا نەدەهات یانە مەدریدەکە ئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. سیمیۆنی هەشت نازناوی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ بەدەستهێناوە و پڕ دەستکەوتترین راهێنەرە لە مێژووی 120 ساڵەی یانەکە.

ئەم راهێنەرە دەبێت بە یەکەم راهێنەر لە مێژووی یانەکە کە بە مانەوەی تاوەکوو ساڵی 2027 دەگاتە ریکۆردی 15 ساڵ راهێنەرایەتی ئەتلەتیکۆ، کە ئەمەش حاڵەتێکی بێ وێنەیە و رەنگە دووبارە نەبێتەوە. سیمۆنی دووجار ئەتلەتیکۆی کردە پاڵەوانی لالیگا و دووجاریش گەیشتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام هەردووجارەکە بەرامبەر ریال مەدرید شکستی هێنا.

ئەتلەتیکۆ لەم وەرزەدا لە هەردوو خولی لالیگا و چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی باشی هەیە، ئەمەش وایکردووە بەڕێوەبەرانی یانەکە رازی بکەن کە ئۆفەری درێژکردنەوەی گرێبەستی پێشکەش بکەن. دانوستانەکان 10 رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خوشکی سیمیۆنی دەستیپێکرد کە هاوکات بریکارەکەیەتی و ئەمڕۆ هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی.

هەروەها سیمیۆنی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کەمکردنەوەی مووچەکەی و مووچەکەی لە گرێبەستە نوێیەکەیدا زۆر کەمتر دەبێت لە مووچەی ئێستای کە 16 ملیۆن یۆرۆیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button